یەکێتیی جووتیاران: بارانی باش باریوە و مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ نەماوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار بارانی زیاتر باریوە. گوتەبێژی یەکێتیی جووتیاران دەڵێت، بەهۆی بارانی باشەوە مەترسی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ نەماوە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەشی کەشناسیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تاوەکو دوێنێ لە سنووری شارەکە 540.7 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا تاوەکو هەمان رێککەوتی پار 334.6 ملیمەتر باران باریبوو.
 
لە سلێمانیش زیاتر لە وەرزی بارینی رابردوو باران باریوە. لەو بارەیەوە ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو دوێنێ 618 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 608.7 ملیمەتر باران باریبوو."
 
لە دهۆک زیاتر لە دوو هێندەی هەمان رێککەوتی پار باران باریوە. بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک، لە شارەکە 740.7 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا پار تاوەکو هەمان رێککەوت 303.4 ملیمەتر باران باریبوو.
 
لە هەڵەبجەش نزیکە دوو هێندەی وەرزی بارینی رابردوو باران باریوە بە جۆرێک تاوەکو دوێنێ 677.2 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا پار تاوەکو هەمان رێککەوت 416.5 ملیمەتر باران باریبوو.
 
لەبارەی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەم ساڵەوە، هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتیی جووتیارانی ‏كوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باران بە گوێرەی کاتی بارینەکەی گرنگترە تاوەکو بڕەکەی. ئەمساڵ بەگشتی باران باش بووە. ئەم بارانەی رۆژانی جەژن کاریگەری زۆر باشی هەبوو."
 
بە گوتەی هەڵکەوت محەممەد، جۆ گوڵی کردووە و بارانی دیکەش نەبارێت مەترسی لەسەر بەرهەمەکەی نییە؛ گوتیشی، "ئەگەر بارانی دیکەش نەبارێت، بەرهەمی گەنم مەترسی لەسەر نییە، بەڵام بارانی دیکە ببارێت ئەوە بەرهەمی گەنمەکە زیاتر دەبێت."
 
هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی کورتی بارانبارین ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هەمان رۆژ کۆتایی دێت؛گوتیشی، "لە سێشەممەوە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و کەشوهەوا سەقامگیر دەبێت".