گومرگی سنە: هەناردە لە دەروازەی باشماخەوە کەم بووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا (21-03-2022 تاوەکو 21-03-2023) لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بایی زیاتر لە 4 ملیار و 722 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل ئاڵوگۆڕ کراوە.
 
بە گوتەی خەلیل حەیدەری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە، ترانزێتی کاڵا و کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە لە ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵی پێشتر لەڕووی کێش و لەڕووی پارەشەوە کەم بووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-04-2023 گوتیشی، "شێوازی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە پارێزگای سنە کۆنە، بۆ باشترکردنی بازرگانی پێویستە کەڵک لە شێوازە نوێیەکان وەربگرین."
 
خەلیل حەیدەری رۆژی 28-12-2022 هۆکاری دابەزینی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستانی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانی رێڕەوی گواستنەوە و گوتی، "لە سنووری ناوچە عەرەبییەکانی عێراقەوە باج لەسەر کاڵا و کەلوپەل کەم بووەتەوە، ئەمەش سەرنجی هەناردەکارانی راکێشاوە و لەو سنوورانەوە کاڵا و کەلوپەل هەناردە دەکەن."
 
تەها سەمیعی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی بازرگانی پارێزگای سنە رۆژی 07-01-2023 گوتبووی، لە مانگی ئاداری ساڵی 2022ەوە تاوەکو مانگی 11 هەناردە لەم پارێزگایەوە بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی کێش و بڕەوە بەراورد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی پێشتر 22% کەم بووەتەوە.
 
پێشتریش ژووری بازرگانیی سنە هۆشداریی دابوو کە ئەگەر دۆخی دەروازەی سنووریی باشماخ رێکنەخرێت و باشتر نەکرێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم دەروازەیەوە دادەبەزێت و بازرگانەکان روو لە دەروازە سنوورییەکانی دیکە دەکەن.
 
بازرگانانی دەروازەی سنووریی باشماخ لە کۆبوونەوەی رۆژی 21-08-2022یان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت هۆکاری دابەزینی هەناردەیان بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕاندەوە؛ لەوانەش، دەستێوەردانی هێزی پاسەوانی سنوور، بوونی دامودەزگای جۆراوجۆر لە دەروازەکە، کێشەی سووتەمەنی و نەبوونی سووتەمەنی بۆ بارهەڵگرەکان، کێشەی قاچاخچییەکان و نەبوونی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتیی ستاندارد.
 
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی باشماخەوە لە سەرەتای نەوەتەکانەوە دەستیپێکرد، ساڵی 2006 وەکو دەروازەیەکی فەرمی ناسێندرا.