ئاسایش: دکتۆرەکەی هەولێر بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی چوار کەسی لە ماڵی خەزوورانی کوشتووە

رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە کە چوار کەسی لە ماڵە خەزوورانی کوشت.
بەگوتەی ئاسایش، تۆمەتبارەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، بە دەمانچە ئەو چوار کەسەی کوشتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "دوای ئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادار کراینەوە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمانەوە بۆمان دەرکەوت تۆمەتبار(س. م. ع) کە پیشەی پزیشکە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە چەکی جۆری (دەمانچە) هەڵساوە بە کوشتنی هاوسەری و خەزوور و خەسوو و خوشکی هاوسەری."
ئاسایش دەشڵێت: "دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە تۆمەتبار (س. م) بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.
بە گوتەی بەشێک لە شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، پێشتر کێشەی خێزانییان هەبووە. ئەمشەو زاواکەیان هەڵی کوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری و هەر چوار کەسەکەی کوشتووە.