وەزارەتی دارایی: کەسوکاری شەهیدان دەتوانن رۆژانی دوای 16ـی ئادار مووچەکانیان وەربگرن

رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتی دابەشکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەپێی خشتەکەی ئەم جارە دەکەوێتە رۆژی 16ـی ئادار؛ وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەگەر ئەو رۆژە بۆیان نەکرا، دەتوانن رۆژانی دواتر مووچەکانیان وەربگرن.
16ـی ئادار یادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەیە لە ساڵی 1988 لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکە بریندار بوون.
لەو رۆژەدا، کەسوکاری شەهیدان لە مۆنیومێنتی هەڵەبجە یادی کارەساتەکە دەکەنەوە و رەنگە دەرفەتی وەرگرتنی مووچەیان نەبێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەی بەپێی خشتەی راگەیێندراومان رۆژی یەکشەممە (16ـی ئادار) مووچەی مانگی شوباتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت، بۆ ئەو بەڕێزانەی لەو رۆژەدا بەهۆی بەشدارییان لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن، رۆژانی دواتر دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن".
وەزارەتەکە دەشڵێت، "سەرجەم بانکەکانی سەر بە وەزارەتمان لە خزمەت کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبن".