عەلی حەمەساڵح: ئادەم عوسمان ئازاد کرا

رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی کە شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی دەکرد و بە تۆمەتی ناردنی ڤیدیۆی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو پلاتفۆڕمانەی گوایە "دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن" دەستگیرکرابوو، ئازاد کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئادەم عوسمان ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە نێو ماڵباتی خۆی."
دەستگیرکردنی ئادەم عوسمان، لەسەر بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە رۆژی 11-02-2025 لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە هەندێک لە پلاتفۆڕمەکانی نەیاری قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی نادروست بڵاوکراونەوە، بۆیە پۆلیس بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر بەدواداچوونیان دەستپێکرد و گەیشتنە ئەنجام."
لەبارەی ئەنجامەکەوە پۆلیسی هەولێر گوتی: "هەندێک لەوانەی هانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەیان دەدا دەستنیشانکران و، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە یەکێک لەو کەسانە بەناوی ئادەم عوسمان سلێمان دەستگیر کرا، کە رۆژی 09-02-2025 شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەکرد. لەو کاتەشدا پەرلەمانتاری ناوبراو سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند شوێنێک بوو کە لەو پلاتفۆڕمە ئاماژەپێکراوانەی بڵاوبوونەتەوە."
دواتر پۆلیسی هەولێر دانپێدانانی ئادەم عوسمانی بڵاوکردەوە و گوتی: "عەلی حەمەساڵح پەیوەندی پێوەکردم و لەوێوە چووینە بەردەم یوئێن {نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر}، کە خۆم شۆفێریم دەکرد و ئۆتۆمبێلەکەش هی من بوو، لەوێوەوە ڤیدیۆی شوێنەکەی گرت، دواتر چووینە بەردەم پەرلەمان و لەوێش ڤیدیۆی شوێنەکەی تۆمارکرد، دواتر نازانم ڤیدیۆی بۆ کوێ ناردووە. دوای ئەوە چووینە بازگەی دێگەڵە، لەوێ سەیرمان کرد ڤیدیۆکان لە (سابرین نیوز) بڵاوبوونەتەوە."
لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، ئادەم عوسمان یەکێک بووە لەو سێ پاسەوانەی وەکو پەرلەمانتار تاوەکو ساڵی 2022 لەگەڵیدا بوون. گوتیشی "ئەو رۆژەی بڕیاربوو مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مووچە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر، ئەو هاوڕێیەی من کە ناوی ئادەمە، تەلەفۆنی کرد و گوتی: حەزناکەم بەتەنیا بیت. ئۆتۆمبێلەکەی خۆشم کێشەی هەبوو، هات بەدوامدا و چووینە بەردەم یوئێن و ئەنجوومەنی وەزیران و خۆم ڤیدیۆم کردووە و بڵاومکردووەتەوە."
عەلی حەمەساڵح گوتی "من، ڤیدیۆم بە ئاشکرا لە فەیسبووکی خۆم بڵاوکردووەتەوە، جا سایتی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی هەرکەس وەریگرتبێت {پەیوەندی بە منەوە نییە}. ئێستا پێیانوایە دانپێدانانێکی گەورەیان دەستکەوتووە، کە عەلی ڤیدیۆی سەر شەقامی گرتووە، ئەوە چی قەدەخەیەکی تێدایە؟"
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان کە هاوکات بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستە، دەڵێت "ڤیدیۆی شەقامم گرت و هێزێکی زۆری سەربازیی و مەدەنی هاتبوون، دواتر چووینە دێگەڵە و کاک ئادەم لەگەڵ من بوو، هاوکارم بووە، نە خۆپیشاندەر بووە نە هیچی دیکە."
عەلی حەمەساڵح لە قسەکانیدا کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە پەیجی خۆی بڵاویکردەوە گوتیشی: "دەستگیرکردنی ئادەم عوسمان بۆ ئەوەیە؛ کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوای بدەنە پاڵ، ئەمە یاساشکێنییەکی زۆر روونە. ئەو لەگەڵ مندا هاتووە، من دەپرسم، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی خۆیان سەتان پاسەوانیان هەیە، من یەک پاسەوانیشم نییە، هاوڕێیەکم هاوکاریم بکات و بۆ شۆفێری لەگەڵمدا بێت، دەبێت دواتر دەستگیری بکەن؟"