چیرۆکی ئەو ئەشکەوتەی چەند مانگێک پێش راپەڕینی دهۆک بووە فریادڕەسی نۆ پێشمەرگە

رووداو دیجیتاڵ 

پێش ئەوەی راپەڕینی دهۆک دەستپێبکات، گرووپێک پێشمەرگە خۆیان لە دهۆک نزیککردەوە و چەند مانگێک لە ئەشکەوتێک مانەوە کە دەکەوێتە نزیک کۆمەڵگەی شاریا، لەوێ کوردێکی ئێزدی لەو کەسانە بوو کە هاوکاریی پێدەگەیاندن.
 
بەشێکی ئەو پێشمەرگانە لەگەڵ تیمی رووداو بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو رۆژگارەی پێش راپەڕینی ساڵی 1991ـی دهۆک، چوونەوە شوێنی مانەوەیان، ئەوان نۆ کەس بوون و لە کۆتایی مانگی 12ـی ساڵی 1990ـەوە خۆیان گەیاندبووە ئەو دەڤەرە و پەیوەندییان بە رێکخستنی نهێنییەوە کردبوو.
 
دوای زیاتر لە کاژێرێک گەڕان، شوێنی ئەشکەوتەکەیان دۆزییەوە، ئەو هاوڕێیانەی رۆژانی سەخت، لە ئەشکەوتەکەوە چیرۆکی خۆیان بۆ رووداو باس کرد.
 
خالید بانی، فەرماندەی پێشمەرگەکان بوو، دەڵێ "ئێمە هاتینە ئەم ئەشکەوتە، جێگەیەکی خۆش بوو، سۆپای دارمان پەیداکرد و هەندێک بەڕەمان پەیداکرد و رامانخست، ئیدارەی ئێمە ئەبو عەلۆ چەند کەسێکی شنگالی دەناسی کە لە گوندی خۆرزا بوون، ھەروەھا سەلیم شەمۆ زۆر هاریکاریی ئێمەیان کرد."
 
پێشمەرگەیەکی دیکەی دێرین بەناوی وەلاتی رەشۆ دەڵێ "ئێمە لەگەڵ مام خالید هاتینە ئێرە، ئێمە دوو سێ مانگ لەو ئەشکەوتەدا ماینەوە تاوەکو رێکخستنی خۆمان و هەڤاڵەکانمان وەک سەلیم شەمۆمان دۆزییەوە."
 
"کاتێک ئەو ئەشکەوتە دەبینم، وەک کۆشکێکی رۆژئاوایی دێتەبەرچاوم." ئەمە گوتەی بەشار دێرگژنیکییە یەکێکی دیکە لە پێشمەرگە دێرینەکان کە قسەی بۆ رووداو کرد، هەروەها دەڵێ "ئێمە گوند بە گوند هاتین، هەتاوەکو خۆمان لەو چیایە دا، لێرە ماینەوە هەتاوەکو هەندێک هاوڕێ هاوکاریی ئێمەیان کرد."  
 
سەلیم شەمۆ، کوردی ئێزدییە و خەڵکی کۆمەڵگەی شاریایە، سەرپەرشتی گرووپێکی رێکخستنی دەکرد، ژیانی خۆی خستبووە مەترسییەوە کاتێک لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا خۆراک و زانیاری بە پێشمەرگەکان دەگەیاند.
 
سەلیم شەمۆ، لە رێکخستنی نهێنیی پێشمەرگە دەڵێ "من، خۆراکم لە ژنی خۆم دەدزی و بە شەو بەڕێدەکەوتم، رۆن، ساوار، پێنج بۆ شەش کیلۆ برنج و خوێ، هەموویم لەگەڵ خۆم دەبرد، هیچم نەدەهێڵایەوە. هاوڕێیەکم هەبوو بەناوی تارق بە ئۆتۆمبێلی ئەو دەمبرد."
 
شوێنی ئەشکەوتەکە دەکەوێتە دەڤەری کانی گوڵان لە باشووری شاری دهۆک، ئەو گرووپەش کە ئەشکەوتەکەیان کردبووە شوێنی مانەوە، بەشێک بوون لە گرووپێکی 73 کەسی کە ساڵی 1990 لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتنە سنووری باکوور و باشووری کوردستان، پاشان بوونە گرووپی بچووک بەرەو قولایی باشووری کودستان ھاتن و، هاوکار بوون لە راپەڕینی ساڵی 1991ـی دهۆک.