گوتەبێژی حکومەتی عێراق بۆ رووداو: لە رێککەوتن لەبارەی یاسای نەوت و گاز نزیکین


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە و بەر لە دەرکردنی بڕیارەکە چەندین رێکاری ئیداری و یاسایی تەواو و ئامادەکرد و خودی سوودانی پرۆژەکەی پێشکێشی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و پەسندکرا. دەشڵێت، بڕیارە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەیەوە و دواتر بە پەسندکردنی کە دەستبەجێ هەڵەبجە دەبێتە پارێزگا.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی سوودی بڕیارەکەی کرد و گوتی: "هەر کە پەرلەمان بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد، بە دڵنیاییەوە هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ژمارە 19ی وڵات و وەک هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت؛ یەکەم لە رێگەی بودجەکەی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵ دەتوانێت پێشکێشی بکات." گوتیشی: "لە دوای پەسندکردنی بڕيارەکە لەلایەن پەرلەمانەوە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بە چڕی بەشداری دەکات لە پەرەدان و بنیاتنان لەو پارێزگا نوێیە تاوەکو بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت بە جۆرێك کە شیاوی عێراق و هاووڵاتییانی گەلی کوردستان بێت." 
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان و خەرجییە سیادییەکان لە بودجەی 2023، باسم عەوادی گوتی، رێککەوتنی ئەرێنی لە دەرەوەی چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان کراوە کە 12.67٪ـه ئەوە جگە لە خەرجییە سیادییەکان، گوتیشی: "یاسایەکی تایبەت بە پارێزگا هەژارەکان لە بودجەدا هەیە و لە دوای دەرکردنی زانیارییەکان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە کە بیسەلمێنێت هەر بە پارێزگایەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە خوار هێڵی هەژارییە، ئەوا هەرچی پارەی تەرخانکراو هەیە لە بودجەی فیدراڵیی عێراق ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە.
 
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی هەڵەبجە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "پرسی قەرەبووکردنەوە بە لیژنەکانی قەرەبووکردنەوە بەستراوەتەوە، شەهیدەکان لەلایەن دامەزراوەی شەهیدانەوە ماف و شایستەی خۆیان وەردەگرن و ئەوانەش کە بەهۆی ئەو تاوانە گەورەی کە بەرامبەر بە هەڵەبجە لە 16ی ئادار کرا، برینداربوون مافی خۆیانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و هەروەها تەندروستیی حکومەتی فیدراڵی چارەسەری پێویست وەرگرن. ئەوانەشیان کە زیندانی سیاسین دەبێت لەلایەن دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەکانەوە گرنگییان پێبدرێت." 
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، عەوادی لەبارەی سەردانەکەی سوودانییەوە گوتی: "سوودانی سەردانی سلێمانی دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەک و ئەگەر دەرفەت هەبێت ئەوا سەردانی هەولێریش دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەن و ئەگەریشی هەیە رێککەوتنیش بکەن." 
 
عەوادی گوتیشی: "کەشوهەوای نێوان هەولێر و بەغدا زۆر ئەرێنییە و زەمینەیەکی ئەرێنی لەبار هەیە." راشیگەیاند: "رێكکەوتن لە نێوان هەردوولا لەسەر بودجە کرا و پشت بە خودا ئێمە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێین رێککەوتن لەبارەی یاسای نەوت و گاز بکەین و ئەگەری هەیە لەم سەردانەی سوودانی گفتوگۆ و دانوستاندن سەبارەت بەو یاسایە بکرێت."