پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی دادگایی دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەری دۆسیەی ژینا ئەمینی لە تاران بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات دادگایی دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، د. محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری پلە یەکی کورد کە نیشتەجێی تارانە و لە ناسراوترین پارێزەرەکانی ئێرانە بانگهێشتی دادگەی تاران کراوە و پێی راگەیێندراوە، کە بانگەشەی دژی دەسەڵاتی ئێرانی کردووە.
 
محەممەد ساڵح نیکبەخت بەهۆی قسەکردن لەگەڵ میدیاکان و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەیوەندیدار بە دۆسیەی ژینا ئەمینی ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ و بە کەفالەت تاوەکو کاتی دادگایی ئازاد کراوە. 
 
ئەو پارێزەرە کوردە رایگەیاندووە، بەپێی بەڵگەکانی بەردەستیان ژینا کوژراوە و داوایکردووە، لیژنەیەکی بێلایەن لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی بکات.
 
بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیەوە، هێزە ئەمنییەکان و دەزگەی دادی ئێران قسەکردن لەگەڵ میدیاکانیان لەو پارێزەرە کوردە قەدەخە کردووە.