سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی سوێد ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێد لە عێراق

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سوێد لە عێراق کرد. بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە کردووەتەوە.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 13-03-2023، سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێد لە عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و کۆسپەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و جێبەجێبوونی بەرنامەی حکومەتی عێراق تاوتوێ کرا.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەیاندا، سەرۆک بارزانی و جێسیکا سڤاردسترۆم باسییان لە "هزری تووندڕۆیی" کردووە و "رۆشنایی خرایە سەر هەڕەشەکانی هزری تووندڕۆیی و تاییفەگەری لەسەر داهاتووی عێراق و ناوچەکە."

 

 
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی سوێد لە عێراق جەختیان لە "جێبەجێبوونی رێککەوتننامەی شنگال" و ئاساییکردنەوەی دۆخی سنوورەکە کردەوە.
 
جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێد لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و گوتی، خوازیاری ئەوەن پەیوەندییەکانی نێوان سوێد و هەرێمی کوردستان و عێراق لە بوارە جیاجیاکان پەرەی زیاتری پێبدرێت.
 
سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی سوێدی کرد بۆ پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "هەمیشە لە رۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بەڕووی گەلی کوردستان کردووەتەوە و پاڵپشتیی دۆزی گەلی کوردستان" بوون.