رووداو دیجیتاڵ
وێڕای هەڵپەساردنی مانگرتن لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە، بایکۆت لە قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بەردەوامە. نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "بەردەوام دەبین لە بایکۆت".
ئەم ساڵ بۆ جاری دووەم و لە 27-01-2025ـەوە مانگرتن لە بەشێکی قوتابخانەکانی ئەو سنوورانە دەستیپێکرد و دواتر فراوان بوو. جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "مووچەی مانگی 12 بدرێت مامۆستایان دەگەڕێنەوە."
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی رۆژی پێنجشەممە 13-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بایکۆت بەردەوامە و پەیوەندی بە مانگرتنەوە نییە، چونکە بایکۆتی ئەم جارە تەواو خۆڕسکانەیە و لەسەر داوای هیچ گرووپ و دەستەیەک نەکراوە".
لە 28-01-2025ـەوە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی بۆ داواکانیان کە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆی و "تەوتین"کردن بوو مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند و لە رۆژی 15ـەیەم رۆژدا چالاکییەکەیان هەڵپەسارد.
عادل حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، بایکۆت و مانگرتن دوو چالاکی جیان و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە.
هەر ئەمڕۆ فەرهاد قادر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان بایکۆت لە زۆرینەی قوتابخانەکان بەردەوامە، بەڵام لە چەند قوتابخانەیەک دەوام دەکرێت".
لە سلێمانی و هەڵەبجەش لە زۆرینەی قوتابخانەکان هەردوو قۆناخی 09ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی دەوامیان رانەگیراوە.
هاوکات عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناڕەزایی مامۆستایان لە زۆرینەی قوتابخانەکان بەردەوامە، لە هەندێک قوتابخانەش دەوام دەکرێت و هەندێکیش بە نیوە دەوام دەکرێت و خوێندن تێیدا پەکی کەوتووە".
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "داواکاری سەرەکیی مامۆستایان لە ئێستادا مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووە، پێموابێت ئەوە بدرێت دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان".
لەبارەی داواکاری مامۆستایانەوە، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بایکۆتیان بەردەوام دەبێت و داوای سەرەکییان "تەوتین"ـی مووچەیە.
لە هەمان سنوور و بۆ هەمان ئامانج، لە 01-12-2024 زۆرینەی مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کرد، بەڵام لە کۆتایی مانگەکەدا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو رایانگەیاند، بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران، دەوامکردن ئاساییە.
ساڵی 2023 لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.
کێشەی ساڵانەی بایکۆتی مامۆستایان، ناجێگیریی دابەشکردنی مووچەیە، کە ئێستا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت و تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ