نوێنەری خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق: 3500 خێزان لە دەرەوەی شارەکەدا دەژین
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری قەزای خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە پۆستە کاریگەرەکانی قەزاکە لە دەستی کورددا نەماون. دەشڵێت، تائێستاش 3500 خێزان کە ئاوارە بوون لە دەرەوەی قەزاکە دەژین.
بەگوێرەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کورد زۆرینەی قەزای خورماتوو پێکدەهێنێت، بەڵام پۆستە باڵاکانی قەزاکە وەکو قایمقام، سەرۆکی شارەوانی و پۆلیس لەدەستی کورددا نەماون. رۆژی یەکشەممە 12-02-2023 مەلا کەریم شکوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کورد ئێستا پۆستە بێ دەسەڵاتەکانی هەیە، وەکو وەقفی سوننە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، ئەوانی دیکە لە دەستی کورددا نەماون."
مەلا کەریم شکوور بە 12 هەزار و 159 دەنگ بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لە رێژەی کورد لە قەزاکە کرد و گوتی، "کورد 40%ی دانیشتووانی خوورماتوو پێکدەهێنێت، بەڵام پۆستە گرنگەکان لای کورد نەماون؛ ئێمەی کورد دەتوانین پۆستەکان وەربگرینەوە، بەڵام دڵنیایی لە دۆخەکە نییە و باڵانسی هێز نییە، بۆیە کادری کورد ئامادە نییە پۆست وەربگرێت."
ساڵی 2010 بەهۆی تەقینەوە و ئاڵۆزییەوە، بەتایبەت دژی نەتەوەی کورد، بەشێکی هاونیشتمانیان قەزاکەیان چۆڵ کرد، هەروەها دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 زۆرینەی کورد شارەکەیان چۆڵکرد، کە تائێستاش 3500 خێران نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان.
ئەوانەی لە خوورماتوو ئاوارە بوون زۆرینەیان لە کەرکووک، هەولێر، سلێمانی و گەرمیان نیشتەجێن، کەریم شکوور دەڵێت، "بەشێک لەوانەی نایەنەوە قەزاکە ماڵیان سووتێندراوە؛ بەشێکی دیکەش متمانەیان بە دۆخەکە نییە، دۆخی ئەمنی ئێستا باشە، بەڵام باڵانسی هێز نییە و دەترسن دۆخەکە خراپ ببێتەوە."
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا زۆرینەی ماڵی هاونیشتمانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە سووتێندران و تەقێندرانەوە.