دوو هاوژین لە قەسرێی باڵەکایەتی بەهۆی گازی زۆپاوە خنکان
رووداو دیجیتاڵ
دوو هاوژین، کە لەدایکبووی ساڵانی 1930ـن، ئەمڕۆ لە قەسرێی باڵەکایەتی بەهۆی گازی زۆپاوە خنکان.
شاخەوان وەرتی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دوو هاوژینە ناویان ئەحمەد عەبدوڵڵا لەدایکبووی 1934 و حەلیمە رەسوول لەدایکبووی 1939ـیە. لە ماڵی کچەکەیان بە گازی زۆپا خنکاون.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ، دوو هاوژینەکە دانیشتووی دۆڵی خانەقان و هاتوونەتە ماڵی کچەکەیان، بەهۆی نەکوژاندنەوەی زۆپای نەوتی لەکاتی خەوتنیان، لەنێو جێگاکەیان و بەهۆی گازی زۆپاوە خنکاون.
ئەم رووداوە، هاوشێوەی رووداوێکی دیکەیە کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2022 لەو سنوورە روویدا، کاتێک هەریەک لە مستەفا حەمەدئەمین لەدایکبووی ساڵی 1941 و، زوڵێخا مستەفای هاوژینی کە تەمەنی 81 ساڵ بوو، بەهۆی گازی زۆپاوە لە ماڵەکەی خۆیاندا لە خەلیفان، گیانیان لەدەستدا.
لەو رووداوەی خەلیفان، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسدا دەرکەوتبوو زۆپا نەوتییەکە، نەوتی تێدا نەمابوو و، بەو هۆیەوە ئۆکسجین لە ژوورەکەدا نەماوە و هەردوو هاوژینەکە خنکاون.