نێچیرڤان بارزانی کێشەی مووچە رووبەڕووی بەرپرسانی عێراق دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پایتەختی عێراق، لەبەردەم سەتان بەرپرسی عێراقی و بیانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی گوتی؛ "ده‌بێت كێشه‌ى بودجه و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان به زوويى چاره‌سه‌ر بكرێت".
لەسەر بانگهێشتی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و برازای "شەهیدی میحراب"، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە سەرلەبەیانی رۆژی شەممە بۆ بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێکەوت.
محەممەد باقر موحسین حەکیم تەباتەبائی، کوڕی موحسین ئەلحەکیم، یەکێک لە مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراق و دامەزرێنەری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، لە 29ـی ئابی 2003 لەکاتێکدا لە نوێژی هەینی بوو لە نەجەف، لە تەقینەوەیەکدا تیرۆرکرا.
نێچیرڤان بارزانی، بە جلوبەرگی فەرمی، قاتێکی رەش، کراسێکی سپیی شیری و بۆینباخێکی تێکەڵ لە رەنگی خۆڵەمیشی، مۆر و هیڵی باریکی رەش، لە گوتارەکەیدا گوتی؛ گەلی عێراق بۆ رزگاربوون لە چەوسانەوە و لەنێوبردنی تیرۆر، زۆر شەهیدی داوە، باشترین وەفاداری بۆ یاد و رۆحى شەهیدان، گەشەپێدانی ئاوەدانی و خۆشکردنی ژیان و گوزه‌رانی خەڵکی عێراق و دابینکردنی دواڕۆژێکی گەشە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.
لەبەرئەوەی لە کاتی نوێژی هەینیدا تیرۆرکرا، محەممەد باقر حەکیم بە نێوی شەهیدی میحراب نێوزەدکرا، هەروەها ئەو رۆژەی بووە سیمبوولی شەهیدی عێراق، لەدوای عومەری کوڕی خەتاب یەک لە پێشەواکانی موسڵمانان کە پاش نوێژی بەیانی تیرۆرکرا، محەممەد باقر حەکیم بە دووەم کەس دادەنرێت ناسناوی شەهیدی میحرابی وەرگرتبێت.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا و لە ستایشی محەممەد باقر حەکیمدا گوتی "شەهیدی میحراب، شەهیدی دەستی تیرۆر، ئایەتوڵڵا محەممەد باقر حەکیم، لە دوورەوڵاتیدا، رابەر و هاندەرێکی سەرەکيی یەکبوونی خەبات و کاری پێکەوەیی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بوو، یەکبوونی ئەوكات، بۆ رزگارکردنی گەل بوو لە چەوساندنەوە و دیکتاتۆری."
نێچیرڤان بارزانی، لەکاتێکدا گوتارەکەی پێشکێش دەکرد، سەرنجی ئامادەبووانی بۆ دوو لایەن راکیشا، لەلایەک دەقی گوتارەکەی بە زمانی عەرەبی لە سکرینە گەورەکانی تەنیشتیەوە هاوتەریب لەگەڵ خوێندنەوە کوردییەکەی پیشاندەدرا، لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییەکانی لەبیرنەکرد، بۆیە گوتی؛ "پێکەوەکارکردن و یەکێتيی نێوان شەهیدی میحراب و باوکی خوالێخۆشبووم، ئیدریس بارزانی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ جه‌نابى سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی خوالێخۆشبوو مام جەلال و لایەن و سەرکردەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، ئه‌وكات خۆشەویستيی نێوان گەلی چەوساوەی عێراقى، بەهێز دەکرد."
"شەهیدی میحراب" بەهۆی باوەڕداریی لەلایەک و دژبەریی حکومەتی بەعس لەلایەکی دیکە، هاوسۆزیی لەگەڵ کورد هەبوو، یەکێک بوو لەوانەی فەتوای حەرامکردنی رشتنی خوێنی کوردی دەرکرد. وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "رابه‌ڕى شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی، پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵادا لە عێراق هەبوو. فەتواکانی ئایەتوڵڵا عوزما موحسین حەکیم، له‌گه‌ڵ ئایەتوڵڵا عوزما محەممەد باقر سەدر له ساڵه‌كانی 1965 و 1974 لەژێر حوکمی دیکتاتۆری‌دا، بێئه‌وه‌ى گوێ به مەترسییەکانی سەر ژیانیان بده‌ن، فەتوای زۆر حەقپەرستانە بوون. ئەو دوو مەرجەعە گەورەیە، فەتوای حەرامکردنی شەڕی کورد و پێشمەرگەی کوردستانیان دا. گه‌لى كوردستان هه‌رگيز فەتوا مێژوویی و هەڵوێستەكانى ئه‌وان، لەبیر ناکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەوکاتەدا گوتاری دەدا، لەبەردەمیدا و لەنێو هۆڵە گەورەکە هەموو سەرۆکەکانی عێراق و بەرپرسی یەکەمی حیزبەکان و دیپلۆمات و نوێنەرانی سەتان لایەن و رێکخراو و وڵاتان دانیشتبوون، هاوکات لە زۆرینەی کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنی عێراقیی و کوردی، تۆڕەکانی سۆشیالمێدیا گوتارەکەی دەگوازرایەوە، لەوساتەدا هاتە سەر باسی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان و گوتی: ئێستا له‌به‌ر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپ‌دا دەژین، ئەوە کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان، زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە، بە زوویی چارەسەر بکرێت. ئەمەش بەرپرسیاريه‌تيی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان، بەشێکن لە عێراق.
هەر لەبەرئەوەبوو ئامادەبووانی خستە ژێر بەرپرسیارێتیی و نێچیرڤان بارزانی گوتی "بۆيه داوا لە ته‌واوى سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و هه‌موو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم، پشتیوان بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بودجه و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
لەکاتی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاش وەستانێکی چەند چرکەیی، تەماشای کورسییەکەی تەنیشت کورسییە بەتاڵەکەی خۆی کرد، کە محەمەد شیاع سوودانی لەسەر ئەو کورسییە دانیشتبوو، بە روونی گوتی: حکومەتی عێراقى فيدراڵى بە سەرۆکایەتيی برای بەڕێزمان محەممەد شیاع سوودانی، بە باشی کاری کردووە، ئەوەش پێگەی عێراقی بەهێز کردووە. ئەو شێوە کارکردنە، دەتوانێ پێگەی عێراق بەهێزتریش بکات. بەڵام پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێرده ديپلۆماسييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپەیمانان و پێشمەرگە، کاری حکومەت تێکدەدات و ئاڵۆزییەکی زۆر و هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەکات.
نێچیرڤان بارزانی ئەوکاتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، ناسناوی ئەندازیاری ئاوەدانی وەرگرتبوو، پاش ئەوەی بووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵیکی دیکەی نێوەندگیر و ئاشتەوایی دەگێڕێت، بۆیە ناسناوی ئەندازیاری ئاشتیی وەرگرتووە، هەر لەبەرئەوەیە لە گوتارەکەیدا ئەوەی لەبیرنەکرد بڵێت؛ پێویستە دەرفەت بدرێتە حکومەتی فیدراڵی و به‌ڕێز سەرۆک وەزیران سوودانى بەپێی پلانێکی هاوبەش و له زه‌مينه‌يه‌كى ئارام و بێ كێشه‌دا گفتوگۆيان له‌گه‌ڵدا بكات، بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاتووى هاريكاريى نێوان هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و عێراق. ئەو گوتانەشی پاش ئەوەهاتن کاتێ باسی ئەو هێرشانەی کرد لەماوەی رابردوودا کراونەتەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردسان، بۆیە گوتی؛ ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بوونە‌ته هۆى ئه‌وه‌ى دڵەڕاوکێ بە هەموو بازاڕی عێراقدا بڵاوببێته‌وه، هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش کە هێرشەکانیان زۆرتر بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکەمی سەردانە دووڕۆژییەکەی بۆ بەغدا، تەنیا بە بەشداریی لە یادەکە و گوتارێک کۆتایی پێنەهێنا، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان، گفتوگۆی دۆخەکە و وەرگرتنی بەڵێن بۆ ئەو داوایەی لە گوتارەکەیدا لەبەرپرسانی کرد، سەردانەکانی دەستپێکرد، لانیکەم پێنج سەردانی فەرمیی و ئاشکرای ئەنجامدا.
بەگوێرەی ئەوەی لە رێوڕەسمی شەهیدی عێراقی لەتەنیشتی دانیشتبوو، دەبوو هەر سەردانی یەکەمی بۆ لای محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت، عەسرەچایەکەی بردە لای سوودانی، لەوێ هاوتای سەرۆکوەزیران دانیشت، دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران. هه‌ردوولا جه‌ختيان له پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات و دوورگرتنى عێراق له كێشه و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه كرده‌وه.
له ته‌وه‌رێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆيه‌كى جیدى ده‌رباره‌ى هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى بودجه و مووچه و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و بابه‌ته‌كانى ديكه‌ى كارگێڕى و دارايى و ئابوورى كرا.
حیزبەکەی محەممەد حەلبووسی، لەدوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان رێژەی بەرچاوی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەتایبەت لە پایتەختی عێراق زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکەی هێنا، ئەوە وایکرد، سەرکردەکانی عێراق ئەو هەڵوێستەی دادگەی فیدراڵی لەبیربکەن کە دووری خستەوە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەگەرچی هێشتا لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنەکە وێنەکەی هەیە و وەکو سەرۆک نێو براوە، هەر لەو روانگەیەوە نا بەڵکو وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ؛ سەرۆک نیچیرڤان بارزانی سەردانی دووەمی بۆ لای محەممەد حەلبووسی بوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان كرد و تيشكيان خسته سه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى. "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هاريكاريى لايه‌نه سياسييه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كانى ئێستا و پاراستنى سه‌قامگيريى سياسيى وڵات و دوورگرتنى له لێكه‌وته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه."
یەک لە سەرۆکەیاتییەکانی دیکەی عێراق، ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، لە سیستمی حکومڕانی و وڵاتی دیموکراسیی پایەیەکی گرنگی دەسەڵاتەکانە، دەبێت بەتەواوی سەربەخۆ بێت، هەر لەو روانگەیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له رۆڵ و پێگه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و يارمه‌تيدانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌يان به هێرشكردنه سه‌ر نێرده ديپلۆماتييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه كرد.
ئەگەرچی گرووپێکی چەکدارن، بەڵام وەکو خۆیان دەڵێن لەژێر فەتوای مەرجەعی باڵای شیعەکان، سەید عەلی سیستانی دەرناچن، کۆبوونەوەی دواتری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ قه‌يس خه‌زعه‌لى، سه‌رۆكى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق بوو، رەنگە ئەو گرووپە بتوانن رۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات و دوورگرتنى عێراق له ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه كرده‌وه، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پشتگيرييان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان به گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن.
نووری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، وەکو عێراقییەکان باسیدەکەن، لەپشت زۆرینەی بڕیارەکانی عێراقەوەیە، هەر بڕیارێک رەزامەندیی ئەوی لەسەر نەبێت بە ئاسانی جێبەجێ ناکرێت، سەرلەئێوارە و لەکۆتایی خۆرئاوابووندا، سەرۆک نێچیرڤان و شاندەکەی یاوەری لەگەڵ نووری مالکی کۆبوونەوە، "هه‌ردوولا هاوڕابوون كه ده‌بێ لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق، به هاريكارى و ته‌بايى، رووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كانى ئه‌م قۆناخه و دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر ببنه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ عێراق له ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه نه‌گلێت و هه‌مووان به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بپارێزن."
هاوکات نووری مالیکی پاش کۆبوونەوەکە و لە وەڵامی رووداودا گوتی؛ برایانمان گفتوگۆیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش کرد و ئێمەش پشت بەخوا لەگەڵ حکومەت قسە دەکەین لەبارەی خەرجکردنی مووچەکانیان، ئەوە ئەرکە و هەر دەبێت چارە بکرێت.
عێراقییەکان لەو بڕوایەدان بەبێ هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەدەگەشتن بەو عێراقەی ئێستا هەیە، نەیاندەتوانی حکومەتی پێشوو بڕووخێنن، لەبەرئەوە سەرۆک و سەرکردەکان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق هەیە، هەروەها ئەمریکا گەورەترین کونسڵخانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بنکەی گەورەی سەربازی لە عەین ئەسەد هەیە، هەر لەو روانگەیەوە، لە ئێوارەیەکی درەنگدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خاتوو ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا له عێراق كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا لەباره‌ى ره‌وشى سياسى و ئه‌منيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه، هه‌روه‌ها باسيان له دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى كرد.
شەو درەنگ بوو، بەڵام هیشتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامە، لەکۆتایی شەودا جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران؛ بەبێ گفتوگۆ و وەرگرتنی گەرەنتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامنادرێت.