لە هەڵەبجە گەنجێک لەبەردەم لقی پارتیدا ئۆتۆمبێلەکەی دەسووتێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێک وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە دەسووتێنێت. بەرپرسی لقیش دەڵێت، "هەرچەندە پێش ئەو کارەی، بەڵێنم پێیدا سەردانی بکەم، بەڵام ئارامی نەگرت و ئەو کارەی کرد."
 
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، گەنجێک بەناوی محەممەد هەڵەبجەیی، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە سووتاند، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و شوێنەکەی جێهێشتووە.
 
دلێر حەمەکەریم، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "من گەشتم کردووە، ئاگادارکرامەوە کە ئەو گەنجە بە نیازی کارێکی وایە، دەمودەست هەواڵم بۆی نارد و بەڵێنمدا سبەی یەکشەممە، لەبری دەوام، بچم بۆ ماڵیان و گوێ لە داواکارییەکانی بگرم، بەڵام وادیارە ئارامی نەگرتووە و ئەو زیانە مادییەی لە خۆی داوە."
 
ئۆتۆمبێلەکەی محەممەد هەڵەبجەیی جۆری تۆیۆتا کامری بووە و نرخەکەی لەنێوان 18-20 هەزار دۆلار بووە. دوای سووتاندنیشی شوێنەکەی جێهێشتووە و هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
 
دلێر حەمەکەریم دەڵێت، "ئێمە ئامادەین و دەرگامان لەسەر پشتە ئەگەر سەردانمان بکات یاخود بیەوێ خۆمان سەردانی دەکەین و گوێی بۆ دەگرین، ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دەیکەین."
 
هەر لەوبارەوە، بەرزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، "دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەمان  بۆ کێشەکەی محەممەد هەڵەبجەیی کردووەتەوە و لە بنکەی پولیسی هەڵەبجە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگرین."
 
بەرزان عوسمان دەڵێت "پێشتر روونکردنەوەی داوە کە کێشەی لەگەڵ حیزب و دەزگاکەی خۆی هەیە و هیچ  کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵام رێکاری یاسایی دەگرینەبەر."