ئەمساڵ لە چیای پڕژە لە سنووری چۆمان تەنیا 30 سانتیمەتر بەفر باریوە
رووداو دیجیتاڵ
چیاکانی سنووری چۆمان بە تایبەت چیای پڕژە کە ساڵانە لەسەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستان زۆرترین رێژەی بەفربارینیان لێ تۆمار دەکرێت، ئەمساڵ تەنیا 30 سانتیمەتر بەفری لێ باریوە. نێوەڕاستی مانگی یەکی ساڵی رابردوو 180 سانتیمەتر بەفری لێ باریبوو.
عەبدوڵڵا حەمەد، موختاری گوندی وێزە بە رووداوی گوت، "تەمەنم بۆ 67 ساڵ رۆیشت و تائێستا لە ژیانی خۆمدا ئاوام نەدیتووە لەو وەرزەدا هێندە کەم بەفر هەبێت، ئەوانەشی لە من بە تەمەنترن پیرە مێردەکانیش ئاوایان نەبینیوە."
بەتەمەنەکانی گوندی وێزە لە بناری چیای پڕژە دەڵێن، کەسیان بە بیریان نایەتەوە کە چیاکە بەفری لێ تەواوبووبێت. وەکو لە ڤیدیۆکانیشدا دەردەکەوێت، بەفری ساڵی رابردوو کە هێشتا هەندێکی نەتواوەتەوە، لە بەفری ئەمساڵ زیاترە کە تاوەکو ئێستا باریوە.
عەلی زینوەیی، هاونیشتمانی دەڵێت، "هیچ ساڵێک لەم کاتەدا 30 سانتیمەتر کەمتر نەبووە، بەڵام ئەمساڵ بە ناشوکری نەبێت دونیایێکی رەش و بێ بەفرە، ساردییەکەشی لەگەڵ ساڵان جیاوازی هەیە، وشکەساڵی و وشکە ساردییە."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سۆران، پار تاوەکو ئەم کاتە 170 سانتیمەتر بەفر باریبوو، بەهۆیەوە 10 جار رێگەی سەرەکی لە بەفر راماڵدرابوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا تەنیا 25 سانتیمەتر کۆی بەفربارین بووە.
رزگار محەممەد، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "دابارینی بڕێکی کەمی بەفر یەکێکە لە پێوەر و ئاماژەکانی گۆڕانی ئاوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێمە دەرکەوتوون، ئەو کاریگەرییە وایکردووە کە رۆژە زۆر ساردەکانمان کەم ببنەوە و رۆژە گەرمەکانمان زۆر زیاد ببن."
هێشتا وادەی بەفربارین ماوە، تاوەکو هەڵاتنی گەلاوێژ واتە 02-05-2023، رۆژ کورتن و تیشکی خۆر کاریگەری زۆری لەسەر گەرمبوونی خاک نابێت.