100 تۆن لە باشترین جۆرەکانی سێوی بەرواریی باڵا هەناردەی ئیمارات و قەتەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دەڤەری بەرواریی باڵا لە قەزای ئامێدیی دهۆک لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە سێو بەنێوبانگە، تام و جۆر و رەنگیان لە سێوە خۆماڵییەکانی دیکە جیاوازە، بۆیە وەبەرهێنەرێکی پارێزگای دهۆک بۆ یەکەمجار 100 تۆنی لێ هەناردەی دوو وڵاتی کەنداو دەکات.
 
وەبەرهێنەرەکە ناوی بەشار موشیرە، چەند جۆرێک سێوی بەرواریی باڵای لە جووتیارەکانی دەڤەرەکە کڕیوە و هەناردەی وڵاتانی ئیمارات و قەتەری دەکات، هیوادارە ئەو پرۆسەیە لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام ێت.
 
بەشار موشیر، وەبەرهێنەر دەڵێ "بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک سەردانی دەڤەری بەرواریمان کرد، لەگەڵ جووتیارەکاندا رێککەوتین و 100 تۆن سێومان لە هەر 4 بۆ 5 جۆرە بەنێوبانگەکەی بەرواری لە جووتیارەکان کڕی.''
 
وەبەرهێنەرەکە باسی ئەوە دەکات، سێوەکانیان هێناونەتە کۆگەکانی خۆیان و قۆناخی جیاکردنەوە و پێچانەوەیان تەواو کردووە، "ئێستا سێوەکان لەنێو سندووقدان، بە لۆگۆیەکی کوردستانی و بە براندێکی جیهانی ئامادەمان کردوون، ئێمە ئەو 100 تۆن سێوە هەناردەی وڵاتانی قەتەر و ئیمارات دەکەین."
 
لەنێو میوەکانی دهۆک، ئەمساڵ بەرهەمی سێوی خۆماڵی لەچاو پار زیاتر بوو و بەهاشی لە بازاڕدا لەدەست نەداوە، بەگوتەی خاوەن نووسینگەکان لە عەلوەی دهۆک، بەهۆی فێستیڤاڵی سێو و هەناردەکردنی سێو بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمساڵ بەهای سێوی خۆماڵی دووهێندە بووە.
 
زێرەڤان بەرواری، خاوەنی نووسینگە لە عەلوەی دهۆک دەڵێ "ئەگەر پار نرخی کیلۆی سێو بە 500 دینار بووبێت، ئەمساڵ بە 1000 دینارە، پار خەرجیی جووتیارەکان دەرنەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ باشە و بەرهەمەکە بەنرخە؛ ئەگەر حکومەت بەمشێوەیە هاریکاری جوتیاران بکات و سێو بنێرێتە دەرەوە، زۆر باشە.''
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، لە سەرانسەری دهۆک نزیکەی 700 هەزار داری سێو هەن و ساڵانە 20 بۆ 25 هەزار تۆن سێو بەرهەمدەهێنن.