پەیکەرێکی گەورەی توور لە کەلار دادەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەنێوبانگی گوندێکی سنووری کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە توور، رێکخراوێکی ئەڵمانیی پەیکەرێکی توور لە سنوورەکە دروست دەکات.
زیاد نارێنی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی رێکخراوی هاریکاری ئەڵمانی لە گەرمیان، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو رێزێک لە جووتیارانی سنووری گوندی گردەگۆزینە، پەیکەرێکی گەورەی توور لە سنوورەکە دادەنێین."
بەرزیی پەیکەرەکە سێ مەتر و نیوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پەیکەرساز حەمیدپوور ئەحمەدەوە دروستکراوە. زیاد نارێنی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو پەیکەرەکە دەهێننەوە و لە رێوڕەسمێکدا لە فولکەیەکی سنوورەکە دایدەنێن.
سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی رێکخراوی هاریکاریی ئەڵمانی لە گەرمیان گوتیشی، "لە شارەکاندا دەگەڕێین بزانین بە چی بەنێوبانگن، کەلار و گردەگۆزینە بەتایبەت بە توور بەنێوبانگن، بۆیە ئەو پەیکەرەمان دروستکردووە."
هەمان رێکخراو لە کەلار پەیکەری سەماوەری داناوە. هەروەها چەند پەیکەرێکی هاوشێوەی لە قەزای کفری هەر لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دروستکردووە.
گوندی گردەگۆزینە کە نزیک رووباری سیروانە لە گەرمیان، زۆرینەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەوزە و تووری تێدا بەرهەم دەهێندرێت. جووتیار هەیە لە گوندەکە رۆژانە 50 کرێکار بەرهەمی زەوییەکەی دەچننەوە.
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گردەگۆزینە سەوزە و تووری لە کوردستاندا بەنێوبانگە و رۆژانە بەرهەمی دەنێردرێتە شارەکان."
هیچ ئامارێکی وردی سەوزە و تووری سنووری گەرمیان لە کشتوکاڵدا تۆمار نەکراوە. ستار عەلی دەڵێت، "نەوەکو گردەگۆزینە، گوندەکانی نزیکیشی سەوزە و تووری زۆر بەرهەم دەهێنن و دەینێرنە شارەکانی دیکە".
تاوەکو ئێستا گردەگۆزینەوە وەکو گوند مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لەکاتێکدا لە فراوانبووندایە و شارەوانیی تایبەت بە خۆی هەیە.