دەستەی ئامار: لە دوو رۆژی داهاتوودا ناوی بژمێرانی سەرژمێری رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە دوو رۆژی داهاتوودا ناوی بژمێران رادەگەیێندرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تشرینی دووەم گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وردبینی بۆ تیروپشکی ناوی بژمێران بەردەوامە و لە دوو رۆژی داهاتوودا ناوی بژمێران رادەگەیێندرێت."
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان گوتی، "زیاتر لە 60 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان ناوی خۆیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ کارمەندانی سەرژمێری تۆمارکردووە."
گوهدار محەممەد عەلی گوتیشی، "کارمەند بەپێی پێویستی بۆ سەرژمێرییەکە وەردەگرین. ئەگەری هەیە پێویستمان بە زیاتر لە 17 هەزار کارمەند بێت."
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، سەرژمێرییەکە لە کاتی خۆیدا دەکرێت. هەموو ئامادەکارییەکمان لەسەر کردووە".
4ی تشرینی دووەمی 2024 دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی رادەگەیێنن و لە رۆژانی 6 و 7 و 8ی ئەم مانگە کارا دەکرێت، ئەوەش بۆ پێشکێشکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنی، بەپێی سنووری نیشتەجێبوون لەسەر ئاستی گەڕەک یان گوند.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا رێنمایی و مەرجی پێشکێشکردن بۆ هەموو دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگەکان خرابووەڕوو.
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024 دەستیپێکرد.
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.