هۆشدارییەک لە ئەوقافەوە: ئەوانەی دەچنە حەج ئەمڕۆ پارە نەهێنن کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنتان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ دوایین رۆژە بۆ ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە کە پارە رادەست بکەن، بەپێچەوانەوە کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنیان.
ئەمڕۆ سێشەممە، نەبەز ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی میدیاوە؛ هەروەها بە تەلەفۆنیش ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە کراوەتەوە کە ناویان بۆ حەج دەرچووە، پارە بهێنن، بۆیە هەرکەس ئەمڕۆ نەیهێنێت مافی دەفەوتێت و کەسێکی دیکە دەخرێتە جێگەی."
دوایین کات بۆ بردنی پارەی حەجی ساڵی 2025، کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی ئەمڕۆیە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "بەهیچ جۆرێک کاتەکە درێژ ناکرێتەوە".
04ـی مانگی 11 دوایین کات بوو بۆ پێدانی یەکەم گوژمەی پارەی چوونە حەج کە چوار ملیۆن دینارە، بەڵام کاتەکە درێژکرایەوە بۆ ئەمڕۆ 12ـی مانگ.
ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەتوانن لە رێگەی نووسینگهكانی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان له ههولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران، راپەڕین و گەرمیان پسوولە وەربگرن و پارەکە رادەستی بانک بکەن.
هەرکەسێک بچێت گوژمەی یەکەمی پارەکە بدات، دەبێت خۆی ئامادە بێت و پاسپۆرتەکەشی پێبێت.
تاوەکو ئەمڕۆ نرخی حەجی ساڵی 2025 دیاری نەکراوە و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی حکومەتی عێراقە نرخەکە دیاری بکات.
پشکی حەجی 2025 بەراورد بە ئەم ساڵ زیاد کرا کە پار 4174 کەس ناویان دەرچووبوو. لە 25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو. لە تیروپشکەکەدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.