دادگای فیدراڵی تانەی سەر یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد
رووداو - هەولێر
دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە تانەی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ماددەی 16ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد، بەوپێیەش ئاوارەکان دەتوانن لە ناوچەکانی خۆیان دەنگبدەن.
لە ماددەی 16ـی هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ژمارە 12ـی ساڵی 2018 دا هاتووە "ناوەندی هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ ئاوارەکان لە بازنەی هەڵبژاردنی خۆیاندا لە شارە رزگارکراوەکان دەکرێنەوە بۆئەوەی بە کارتی درێژخایەنی دەنگدەر دەنگ بدەن". ئەمەش بەو واتایە ئاوارەکان ناتوانن لە کامپەکان و شوێنی ئاوارەبوونیان دەنگبدەن و ناچارن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆئەوەی بتوانن دەنگ بدەن.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دادگای فیدراڵی تانەی ئێمەی لەسەر ئەو ماددەیە قبووڵکرد و بەو پێیە ئەو ماددەیە هەڵوەشایەوە".
هاوکات خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند "سکاڵای ئێمە لەسەر دوو ماددە بوو، ماددەی 12 کە رێگە دەدات بە وردبوونەوە لە تۆماری دەنگدەران بەتایبەتی لە کەرکووک، بێگومان ئەمەش پێچەوانەی دەقی دەستوور بوو، چونکە نەدەکرا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بکرێ".
خەسرەو گۆران گوتیشی "ماددەکەی دیکە کە تانەمان لێدا بریتییە لە مادەی 16 کە دەڵێ هەموو ئاوارەکان دەبێ بڕۆن لەو پارێزگایانەی کە لێیانەوە هاتوون دەنگبدەن، ئەمەش زۆر کەسی لە مافی دەنگدان بێبەش دەکرد، بۆیە دوای ئەم بڕیارە ئاوارەکان لە هەر شوێنێک نیشتەجێن دەتوانن دەنگبدەن".