سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە: بڕیاری خەرجکردنی 45 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران درا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی بڕێکی دیکەی لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد. ئاماژە بەوەش دەکات، سبەی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە دەستپێدەکەن.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بە خەرجکردنی 45 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە 20 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 15 ملیاری بۆ هەولێر و 10 ملیاریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە.
 
نەسرین ئەحمەد گوتی، "سبەی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە دەستپێدەکەین."
 
بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە گوتی، "ئەگەر گرفت دروست نەبێت، وەرگرتنی پارەکە 3 رۆژی پێدەچێت و دواتر سەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت."
 
حکومەتی عێراق بایی 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کڕیوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 225 ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەنمی جووتیاران نێردراوە بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە: 64 ملیار و 373 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر، 95 ملیار و 841 ملیۆن دیناری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و بۆ دهۆکیش زیاتر لە 65 ملیار دینار.
 
ئەو بڕە پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ بۆ گەنمی جووتیاران نێردراوە بە دوو جار بووە. جاری یەکەم 21ـی مانگی تەمموز بوو کە بەم شێوەیە دابەشی پارێزگاکان کرا: 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆن دیناریشی بۆ جووتیارانی دهۆک بوو.
 
9ی ئەیلوول بڕیاری خەرجکردنی دووەم بڕە پارە درا؛ بۆ پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار؛ سلێمانی و هەڵەبجە 67 ملیار و 841 ملیۆن و دهۆک 35 ملیار و 541 ملیار دینار بوو.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.