خوێندکارانی زانکۆی چەرموو خوێندنیان بایکۆت کرد


رووداو دیجیتاڵ 

تەواوی خوێندکارانی زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ، بایکۆتیان راگەیاندووە و بەشێکیان داوای دیاریکردنی ناونیشانی فەرمانبەر دەکەن و بەشەکەی دیکەش پشتیوانی ئەوان دەکەن. سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، چارەسەرییان بۆ هەندێک لە کێشەکان دۆزیوەتەوە و ئەوی دیکەش کاتی دەوێت.
 
لەبارەی داواکاری خوێندکارەکانەوە، رۆژی چوارشەممە 12-10-2022، د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو خوێندکارانەی کێشەیان هەیە بەشەکانیان نوێیە، ناونیشانی فەرمانبەرییان دیارنییە؛ واتە پەسنی کارەکەشیان دیارنییە کە دواتر لە کوێ کاردەکەن." 
 
سەرۆکی زانکۆی چەرموو ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەریان بۆ هەندێک لە بەشە نوێیەکان دۆزیوەتەوە، بەڵام دوو بەشی نوێیان یاسا و کاتی دەوێت، کە بەشەکانی کیمیای دەرمانسازی و فیزیای پزیشکین.
 
زانکۆی چەرموو لە قەزای چەمچەماڵ نزیکەی دوو هەزار خوێندکاری هەیە؛ بەشە پزیشکییەکانی کە داوای دیاریکردنی ناونیشانی فەرمانبەری دەکەن زیاتر لە 300 خوێندکارن.
 
د. هەڵەت رەشید گوتی: دوێنێ لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا کۆبوونەتەوە و نوێنەری خوێندکارەکانیش ئامادەبوون؛ "پێشتریش بەڵێنی ئەوەم پێدابوون کە سبەی پێنجشەممە لیژنەیەک لە وەزارەتەوە دێت بۆ لامان و پێداچوونەوە بە پرۆگرامی ئەم بەشانەدا دەکەن و وای لێدەکەن کە پرۆگرامەکە وەکو پرۆگرامێکی جیهانی لێبێت یان لانیکەم بچێتەوە سەر ئەو زانکۆیانەی کە ئەو دوو بەشە نوێیەیان هەیە؛ چونکە ئەو دووبەشە تەنیا لای ئێمە هەیە و لە زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش نین." 

 

 
بە گوتەی هەڵەت رەشید، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەک پێکهێندراوە کە کار لەسەر ناونیشانی فەرمانبەری لەو بەشە نوێیانەدا دەکات و بە نووسراو دەینێرنە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی یاسای بۆ دەربکرێت.
 
رۆژی 10-10-2022، بەشێک لەو خوێندکارانەی زانکۆی چەرموو خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد و بۆ ماوەیەک رێگەی سەرەکی کەرکووک - سلێمانیان داخست.