حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان: ئێران هێزێکی زۆری هێناوەتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هەڕەشەی هێرشی زەوینی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەگەری "دەستدرێژی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانمان لە قووڵایی خاکی ھەرێمدا بە هەموو توانای خۆمانەوە و وەك مافێكی رەوا لە بەرانبەر ھێرشی دووژمن بەرگری لە خۆمان دەکەین".
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێرشی زەوینی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، "ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای مەحكومكردنی هەرچەشنە دەستدرێژییەكی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنین كە ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانە و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان مەحكومە و دەبێت ریسوا و لەقاو بدرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرەڕای سەركوت و كوشتاری رۆژانەی خەڵكی ناڕازی لەسەر شەقامەكان، كۆماری ئیسلامی بە مووشەك و درۆن هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكان و ئێستا بە ھێنانی هێزێكی زۆری سەربازیی بۆ سەر سنوورەكانی كوردستان، هەڕەشەی بەزاندنی سەروەریی حکومەتی هەرێمی كوردستان و لەشكركێشی بۆ سەر حیزبەكان دەكات."
چوار رۆژ پێش ئێستا سوپای پاسدارانی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند، یەکەکانی زرێپۆش و هێزی تایبەتیان ئامادەیە و لە ئەگەری دەرنەکردنی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان خۆیان راستەوخۆ دەست بە هێرش دەکەن.
ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریکردن و هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان و تووندوتیژی هەروەها هێرشکردنە سەر چەند بنکەیەکی سەربازییان تۆمەتبار دەکات، بەڵام ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە و، جەخت لەوە دەکەنەوە کە "رێزمان لە سەروەریی حکومەتی ھەرێم [هەرێمی کوردستان] گرتووە و دەیگرین و بەو هۆکارە ھیچ چەشنە جووڵەیەکی نیزامی و پێشمەرگانەمان نەبووە".
ئەو ناوەندە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم نوێنەران و كۆنسوڵخانەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەكەن بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جیدییان هەبێت. هەروەها داوا لە رووناکبیران دەکات "لەبەرامبەر ستەمكاریی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوازێكی گونجاو ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن و پاڵپشتیمان لێبکەن".
دوای مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتیی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کێشاوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵات پێیوایە ئێران دەیەوێت لە رێگەی "سازكردنی شەڕێكی دیكە هەوڵ بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بدات".