بۆردوومانەکانی تورکیا کێشەی بۆ بەهاناوەچوونی بریندارەکان دروستکردووە

رووداو - هەولێر 

 

بەهۆی بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و زیادبوونی ژمارەی برینداران، کێشە لە هاوکاری پزیشکی و چارەسەرکردنی برینداران لە نەخۆشخانەکانی قامشلۆ دروستبووە. پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، بەهۆی بە ئامانجگرتنی ئەمبوڵانسێک پێنج کارمەندی تەندروستی برینداربوونە.
 
بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکانی رۆژئاوای کوردستانیش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی بواری تەندروستی دەکات بە هانای خەڵکی ناوچەکەوە بچن.
 
جەنگین موراد، برینداری بۆردوومان و تۆپبارانەکانە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لەو سڤیلانەی بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا برینداربوون، چارەسەر وەردەگرن. دەڵێت نازانێت پارچەی هاوەن بووە یان هی تۆپ بووە کە بەریکەوتووە و برینداربووە، تورکیا شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل بۆردوومان دەکات.
 
بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە ناوچەکە، کەرتی تەندروستی لە گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی و چارەسەرکردنی بریندارەکان رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی رایگەیاند، ئامبوڵانسێکیان لە سەرێ کانێ کراوەتە ئامانج. 
 
هاوکات هونەر ئەحمەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لەو ئامبوڵانسەدا کە تورکیا کردوویەتییە ئامانج، پێنج کارمەندی تەندروستی برینداربوونە.