بارەگای بارزانی: پزیشکیان سەرۆک بارزانی بانگهێشت کرد بۆ تاران

رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کرد و کۆبوونەوە. پزیشکیان بەفەرمی سەرۆک بارزانی بۆ سەردانیکردنی ئێران بانگهێشتکردووە. 
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرایەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، بەڕێز مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەردانیكردنی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران".

 

 
 
پزیشکیان کاژێر 8:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە هەرێمی کوردستان؛ ئەو یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بێتە هەولێر.
 
بەیانیی دوێنێ چوارشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
 
مەسعود پزیشکیان لە بەغدا بە زمانی کوردی وەڵامی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە بەغدا دایەوە و گوتی: "سڵاومان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، پشت بەخوا لە بەرنامەماندایە دەچینە ئەوێ و قسەیان لەگەڵ دەکەین".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، مەسعود پزیشکیان گوتی: "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و باشتری دەکەین".