شاخەوان عەبدوڵڵا: هێزە عێراقییەکان لەنێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک کشانەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دۆخی کەرکووک هەنگاوی بەرەو ئاساییبوونەوە ناوە و لە قۆناخی یەکەمدا، 'توانیمان هەموو هەمەڕ و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان لەنێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بکشێنینەوە' و ، هاتووچۆ لەو شارە ئاسایی بکەنەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "قۆناخی دووەم و سێیەم هەیە بۆ ناردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی دووی ئەیلوول و دەستگیرکردن و سزادانی یاسایی ئەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردبوو، کە بە هۆیانەوە چوار هاونیشتمانیی سڤیلی کورد شەهید بوون و 16ـی دیکەش بریندار بوون."
جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەبارەت بە دوایین هەنگاوەکانیان لەبارەی خۆپێشاندانەکەی دووی ئەیلوول و بوونە قوربانیی هاونیشتمانیان، دەڵێ "لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-9-2023) دەچێتە کەرکووک و راپۆرتێکی ورد لەسەر ئەو رووداوە ئامادەدەکات و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکات، لەو روانگەیەوە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر."
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها ئاشکرای کرد، ئەو دوو هێزە ئەمنییەیان دەستنیشانکردووە کە تەقەیان کردووە و، "دەستیان لە شەهیدکردنی ئەو چوار گەنجە کوردە هەبووە کە لە خۆپێشاندانی دووی ئەیلوولدا شەهید بوون'' و، هەموو بەڵگە و دۆکیومێنتێکیان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی عێراق داوە."
خۆپێشاندانەکەی پێش 10 رۆژ لە کەرکووک، ناڕەزایی دەربڕینی هاونیشتمانییان بوو لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەبوون بارەگای پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێتەوە، بەڵام خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا.
تەقەکردن لە هاونیشتمانییانی خۆپێشاندەری شاری کەرکووک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و شەهیدکردنی چوار کەسیان لەکاتێکدابوو؛ هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە لە 27ـی ئابەوە تاوەکو رۆژی دووی ئەیلوول، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو و رێگەیان لێیان نەگرت.