دەستەی گەشتوگوزار: لە شەش مانگدا 4 ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەمساڵ "ساڵی زێڕێن"ی هاتنی گەشتیارە و تەنیا لە شەش مانگدا زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە و هاتنی گەشتیاری بیانیش زیادی کردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بەپێی رێنمایی ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێت کۆمپانیا گەشتیارییەکان 75٪ پشت بە دەستی کاری نیوخۆیی ببەستن، بۆیە خەریکی رووپێوییەکن بۆ ئەوەی بزانن لە شوێنە گەشتیارییەکان چەند دەستی کاری نێوخۆیی و بیانی هەن، بۆئەوەی لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان ئەو مەرجە جێبەجێ بکەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، "مۆڵەتی نوێ نادەینە هیچ کۆمپانیا و شوێنێکی گەشتیاری، ئەگەر ئەو رێنماییە جێبەجێ نەکات بەتایبەت دانانی دەرچووانی بەشەکانی گەشتیاری لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان."
مەرجێکی دیکەی نوێکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان، وەکو ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی دەکات، لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەیە کە پێشکێشی دەکەن کە دەبێت بە زمانی کوردی بێت، ئەگەرنا مۆڵەتی شوێنەکە نوێ ناکەنەوە.
یەکێک لە پڕۆژەکانی دەستەی گەشتوگوزار راگەیاندنی رێبەری گەشتیاری بوو، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەکە دەڵێت، "لە قۆناخی یەکەمدا 6500 لە دەرچووانی گەشتیاری و دەرچووانی بەشەکانی دیکە داواکارییان پێشکێشکردووە. ئێستا ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ کردنەوەی خولی راهێنان بۆ دەرچووانی گەشتیاری بۆ ئەوەی ئامادەیان بکەین بۆ بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان و لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان کاریان دەست بکەوێت."
لەبارەی هاتنی گەشتیاران، ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەمساڵی بە ساڵی "زێڕینی گەشتیاران" ناوبرد و گوتی، "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 4 ملیۆن گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ئەمساڵ گەشتیاری بیانیش زیادیان کردووە، پێشتر 15٪ بوو، ئێستا بووەتە 25٪".
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەدا، ئێستا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتنی گەشتیاران دەکەن، بە تایبەتی لە بازگەکان رۆتین کەمبووەتەوە و گەشتیاران بە چەند خولەکێکی کەم دەتوانن بێنە ناو هەرێمی کوردستان و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن. گوتیشی، "لەگەڵ چەندین کۆمپانیای گەورەی گەشتیاری لێکتێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەوەی گەشتیار بێننە هەرێمی کوردستان."
لەبارەی پڕۆژەکانی گەشتوگوزاریش ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، "پلانی هەشت ساڵەی گەشتیاریمان هەیە، بۆ پەرەپیدانی گەشتیاری کە خۆی دەبینێتەوە لە پەرەپیدانی ژێرخانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان. نزیکەی 70 پڕۆژەی گەشتیاریی ستراتیژی دیزاینیان تەواو بووە، کە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانن و بەگوێرەی پێداویستیی ناوچەکانن، ئێستا ئێمە چاوەڕێی وەبەرهێنی نێوخۆیی و بیانین بۆ جێبەجێکردنیان."