کشتوکاڵی لوڕستان: چاندنی برنج قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی وشکەساڵی و نەبوونی سەرچاوەی ئاو، چاندنی برنج لەو پارێزگایەدا قەدەخەیە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
رۆژی یەکشەممە 12-09-2022، عیماد شاهڕووخی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان گوتی: چاندنی برنج بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و سوود وەرگرتن لە بیرە ئاوەکان بۆ ئاودانی برنج ناپاکییە.
عیماد شاهڕووخی جەختی لە قەدەخە کردنەکە کردەوە و گوتی، "دەبێت هەندێ رێکار بۆ رێگری لە چاندنی برنج بگیرێتەبەر."
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کشتوکاڵی لوڕستان، بەرهەمی برنجی ئەو پارێزگایە لە ساڵی 2017دا 45 هەزار تۆن بووە، بەڵام سەرەڕای قەدەخەکردنی چاندنی برنج، ساڵی 2020 بەرهەمی برنج 80 هەزار تۆن بووە؛ بەڵام ساڵی 2021 نزیکەی 40٪ بەرهەم کەمبووەتەوە.