رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ-ی باکووری کوردستان، بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.
شەوی 10ـی تەممووزی 2024، تیمور سێڤی، لە بەردەم ماڵی خۆیدا لە گەڕەکی جمهورییەت لەلایەن چەند کەسێکەوە بە دەمانچە تەقەی لێکرا. چوار گوللـەی بەرکەوت و بەسەختی بریندار بوو.
تیمور سێڤی، تەمەنی 53 ساڵە و باوکی پێنج منداڵ بوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی قەزاکە نەشتەرگەری بۆ کرا. دوای چوار کاژێر لە نەشتەرگەرییەکە، رەوانەی بەشی چاودێری چڕ کرا. بەڵام ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، گیانی لەدەستدا.
لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری تاوانەکە و ئەو کەسانەی لە پشتیەوە بوون بەردەوامە و بەپێی زانیارییەکان دوو کەس دەستگیرکراون.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پار لە باکووری کوردستان و تورکیادا سێ هەزار و 773 شەڕ و رووداوی تەقەکردن هەبوون و تێیاندا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون؛ 763 لەو شەڕ و تەقەکردنانە لە باکووری کوردستان بوون و 483 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ