فامیلی گاردن لە هەولێر دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکی دیکە فامیلی گاردن لەنێو هەولێر بە رووی هاونیشتمانیان و گەشتیاران دەکرێتەوە، کە لەسەر رووبەری 33 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و، تێچووەکەی نزیکەی دوو ملیار دینارە، گەورەترین مەلەوانگە لەسەر ئاستی عێراق، دەکەوێتە ئەو پرۆژەیەوە.
 
دەیان جۆری جیاوازی یاریی مناڵان، گەنجان، بۆڵینگ و چەند یاریێکی دیکەی نایابیشی هەن. ژمارەیەک لە یارییەکان بێ بەرامبەرن، ئارەزووت بێت فێری ئەسپسواریش دەکرێی و سوارچاکێکی باشت لێ دروست دەبێت. فامیلی گاردن چەند رۆژێکی دیکە بەتەواوی ئامادەدەبێت بۆ پێشوازی سەردانیکار و گەشتیاران.
 
سەردار ئازاد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی فامیلی گاردن دەڵێ "پێشتر، ئێرە گۆڕەپانێکی وەستانی ئۆتۆمبێل بوو، ئێمە بە 500 ملیۆن دیناری ساڵانە لە حکومەت وەرمانگرتووە، نزیکە دوو ملیار دینارمان تێیدا خەرج کردووە بۆ ئەوەی هەولێر شوێنێکی گەشتیاریی جوانی هەبێت و خەڵکی هەولێر کە میوانی بیانییان هات، بیرنەکاتەوە میوانەکانی بۆ کوێ ببات".
 
پڕۆژە گەشتیارییەکە 33 هەزار مەتر دووجایە و 30 کۆشکی تێدایە، لەنێو کۆشکەکاندا نزیکەی 15 براندی خۆراک، ساردەمەنی و شیرنەمەنی هەن.
 
ئەحمەد دڵشاد، خاوەن قاوەخانەیە لەنێو پرۆژەی فامیلی گاردن، دەڵێ "قاوەیێکمان هەیە، براندی خۆمانە و بەهۆیەوە هەلی کار بۆ من و چوار کەسی دیکەش رەخساوە".
 
ئەحمەد هیوا، خاوەن فاستفوودە لە پرۆژەکە باسی ئەوە دەکات "ئەو ستێکانەی لێرە نەبوون و مارکەکانیان ئەمریکی و ئیتاڵیە، هێناومانتنە ئێرە".
 
هانا و بێگەرد بە رێکەوت رێگایان کەوتووەتە فامیلی گاردن، سناپ و ستۆری زۆریان کردوون. مەبەستیانە هاوڕێ و خزمانیشیان تاوەکو خۆیان دێن، فۆتۆ و ڤیدیۆکانیان ببینن.
 
هانا عەدنان، خوێندکارە و سەردانی فامیلی گاردنی کردووە پێش ئەوەی بە فەرمی بکرێتەوە، دەڵێ "شوێنێکی خێزانییە و ئەمڕۆ بینیمان زۆر لە هاوڕێکانم ستۆری و سناپەکەیان بینوە و دەپرسن ئەو شوێنە دڵگیرە کوێیە".
 
فاملی گاردن، پڕۆژەیێکی گەشتیاریی نوێیە، نزیکە لە شەقامی 60 مەتری لەنێو ئەکوا پارک، چواردەورەی بە سنەوبەری تەمەن درێژ و باخچە دەورەدراوە.