لە سێ مانگدا شەش شەڕ لەنێوان زاوا و خەزوور روویانداوە، پێنجیان لە هەولێر بوون

رووداو هەولێر

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی نیسانەوە تاوەکو 12ـی تەمموز، لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی شەش جار شەڕ لەنێوان زاوا و خەزووردا روویانداوە، کە پێنجیان لە هەولێر بوون، لە ئەنجامدا 3 کەس کوژراون و دووانیش بریندار بوون.
 
وردەکاریی شەڕی نێوان زاوا و خەزوور لە سێ مانگی رابردوودا بەمشێوەیە بووە:
 
رۆژی چوارشەممە 12ـی تەمموزی 2023، شەڕێک لە نێوان زاوا و خەزوورێک لە شاری هەولێر روویدا کە گوترا بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، لە ئەنجامدا خەزوورێک زاواکەی خۆی بە دەستڕێژی گولـلە کوشت.
 
شەوی 19ـی حوزەیران، گەنجێک لە هەولێر لەدوای تەنیا چوار مانگ لە هاوسەرگیری، بە دەستڕێژی گوللـە هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری، هاوژینەکەی و خوشکێکی هاوژینەکەی کوشت.
 
لە رووداوێكی دیکەدا لە بنەسڵاوەی هەولێر، شەوی 1ـی تەممووز، ماڵە خەزوورێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی زاواکەیان بەهۆی ئەوەی ویستبووی ژنی دووەم بهێنێت، زاواکە گوتی بۆ کوشتنی چوون و ماڵە خەزوورانیشی رەتیانکردەوە بۆ کوشتن بووبێت.
 
لە رووداوێکی دیکەدا 26ـی ئایاری 2023، هاووڵاتییەک بە ناوی حەسەن، نزیکەی مانگێک پێش ئەوکاتە داوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەی کردبوو، دوو برای هاوژینەکەی بردیانە باخێک و نزیکەی 7 کاژێر لێی دەدەن و پێیدەڵێن، "نابێت لە هاوژینەکەت جیابیتەوە، ئەگینا دەتکوژین".
 
رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی پیاوێک تەقەی لە کچ و زاواکەی کرد و هەردووکیانی بریندارکرد.
 
ئێوارەی 23ـی نیسان لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر لەنێوان زاوا و خەزوورێکدا شەڕە تەقە روویدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.