وەزارەتی رۆشنبیری بۆ میدیا: پێشێلکاری لە زمانی کوردیدا بکەن رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هۆشداریی دەدەنە کەناڵەکانی راگەیاندن لە هەستیاربوونیان بە زمانی کوردی بەتایبەت لە بڵاوکردنەوەی ریکلامەکاندا، بەپێچەوانەوە ئەگەر پێشێلکاری بکەن بەرامبەر زمانی کوردی، سزای پێبژاردن دەدرێن.
شیروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جیا لە چاودێریی فەرمانبەرانی خۆمان، هەر هاونیشتمانییەک سکاڵا لەسەر هەر کەناڵیکی راگەیاندن تۆمار بکات یان ئاگادارمان بکاتەوە کە کەناڵێک زمانی کوردی دەشێوێنێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ کەناڵەکەدا دەکەن".
شیروان عەوڵا دەڵێت، کەناڵەکانی میدیایان لە راگرتنی ریکلامێک ئاگادار کردووە کە تێیدا "پێشێلکاری بەرامبەر زمانی کوردی کراوە". گوتیشی: ئەگەر هەر کەناڵێک ریکلامەکە رانەگرێت ئەوە دوای ئاگادارکردنەوەی دەدرێتە دادگە.
لە ریکلامەکەدا کچێک مانگایەک دەدۆشێت و ئەوەی ریکلامەکە دەخوێنێتەوە دەڵێت "شوانە"کەش هەر.... بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: "شێواندنی زمانی کوردییە ئەو ریکلامە، دەنا هەموو کەسێک دەزانێت ئەوەی مانگا دەدۆشێت گاوانە نەوەکو شوان".
وەزارەتی رۆشنبیریی کۆمپانیای بەرهەمهێنی ریکلامەکەی ئاگادار کردووەتەوە گۆڕانکاری تێدا بکەن و بە پێچەوانەوە رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.
شیروان عەوڵا گوتی، ئامێرێکی مۆنیتەرینگ بۆ وەزارەتەکەیان دابینکراوە بۆ چاودێریکردنی میدیاکان، بەڵام بەهۆی "نەبوونی پارە و کێشەی داراییەوە" تاوەکو ئەمڕۆ چالاک نەکراوە و چاوەڕوانی تەرخانکردنی پارەن لە وەزارەتی دارایی بۆ چالاککردنی.
سێ جۆر کەناڵی تەلەڤیزیۆنی لە هەرێمی کوردستان هەن، لەنێویاندا 30 کەناڵی ئاسمانی، نزیکەی 70 کەناڵی نێوخۆیی بۆ شار یان پارێزگایەک، نزیکەی 50 کەناڵی نێوخۆیی سەرتاسەری بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان پەخش دەکەن.
جگە لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، زیاتر لە 1600 دەزگای راگەیاندن لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون؛ زیاتر لە هەزاریان رۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕی تۆمارکراون.
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ رووداو، جگە لەو رۆژنامەڤانانەی بە پلەی دیکە ئەندامی سەندیکان، شەش هەزار رۆژنامەڤانی "کارا" ئەندامی سەندیکان.