باڵیۆزی فەرەنسا بۆ رووداو: دەرچووانی قوتابخانەی دانیێل میتران دەتوانن لە دەرەوە بخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەڵێت "دەرچووانی قوتابخانەی دانیێل میتران لە هەولێر دەرفەتی خوێندنیان لە وڵاتان هەیە و هیوادارم لە فەرەنسا درێژە بە خوێندن بدەن". گوتیشی: "سوپاسی بنەماڵەی تاڵەبانی، ڤیژن ئیجوکەیشن و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی دەکەم بۆ سەرخستنی ئەو قوتابخانەیە."
پاتریک دوورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق سەردانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی دانیێل میترانی کرد لە هەولێر. ئامانج لە سەردانەکەی "گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و کولتوور" بوو لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا.
دوورێل قسەی بۆ دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم لە قوتابخانەی دانیێل میتران لە هەولێر، چونکە ئەو قوتابخانە سیمبوولی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندا هەیە لە هەموو بوارەکاندا."
باڵیۆزی فەرەنسا لەبارەی قوتابخانە فەرەنسییەکەوە گوتی "ئەم قوتابخانەیە چوارچێوەیەکی نایابی هەیە و دەیداتە قوتابی و فێرخوازانی ئێرە. هەروەها فێری فرەزمانییان دەکات؛ کوردی، ئینگلیزی و فەرەنسی. قوتابخانەیەکە کە دیپلۆمی نێودەوڵەتی دەداتە ئەو قوتابییانەی لێرە پێدەگەن. ئەوەش رێگەیان پێدەدات بچن لە دەرەوە لە فەرەنسا یان وڵاتانی ئەورووپا، کەنەدا و ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە خۆیان بیانەوێ، بەڵام هیوادارم بچنە فەرەنسا."
لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ قوتابخانەکە، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق لە گوتارێکدا گوتی "سوپاسی بنەماڵەی تاڵەبانی، ڤیژن ئیجوکەیشن و بەڕێز ئیدریس (نێچیرڤان) بارزانی دەکەم بۆ سەرخستنی ئەم قوتابخانەیە. هەروەها دەمەوێ سوپاسی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم لەو پشتگیرییە بەردەوامەیان لەم قوتابخانەیە."
قوتابخانەی نێودەوڵەتیی دانیێل میتران لە ساڵی 2009 لەلایەن دکتۆر فرێدریک تیسۆ، کۆنسووڵی گشتیی ئەوکاتەی فەرەنسا لە هەولێر دامەزرا. مەبەست لە دامەزراندنی بەرەوپێشبردنی خوێندن بوو لە هەرێمی کوردستان.
قوتابخانەکە، دایەنگە و باخچەیەکی ساوایانیش لەخۆدەگرێت، کە لە پۆلی یەکەوە تاوەکو 12ـی لێ دەخوێندرێت.
ناوی قوتابخانەکە وەکو رێزلێنانێک لە خانمی یەکەمی پێشووی فەرەنسا کرا بە دانیێل میتران، کە لە ساڵی 1981 تاوەکو 1995 خانمی یەکەمی فەرەنسا بوو. دانیێل میتران داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد بوو. لە 22ـی تشرینی دووەمی 2011 لە تەمەنی 87 ساڵی کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی کلونی لە تەنیش فرانسوا میترانی هاوژینی کۆچکردووی بەخاکسپێردرا.
دەقی لێدوانەکەی باڵیۆزی فەرەنسا بۆ رووداو:
"بەڕاستی ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم لە قوتابخانەی دانیێل میتران لە هەولێر، چونکە ئەو قوتابخانە سیمبوولی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە کە لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا هەیە، بەڵام ئەمڕۆ بابەتەکە پەیوەندیی پەروەردەیی و کولتوورییە. ئەم قوتابخانەیە چوارچێوەیەکی نایابی هەیە و دەیداتە قوتابی و فێرخوازانی ئێرە. هەروەها فێری فرەزمانییان دەکات؛ کوردی، ئینگلیزی و فەرەنسی. قوتابخانەیەکە کە دیپلۆمی نێودەوڵەتی دەداتە ئەو قوتابییانەی لێرە پێدەگەن. ئەوەش رێگەیان پێدەدات بچن لە دەرەوە، لە فەرەنسا یان وڵاتانی ئەورووپا، کەنەدا و ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی خۆیان بیانەوێت، بەڵام هیوادارم بچنە فەرەنسا. چونکە ئەو دیپلۆمە لە ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدا نراوە. هەروەها دەمەوێ سوپاسی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم لەو پشتگیرییە بەردەوامەیان لەم قوتابخانەیە."