بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سلێمانی هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی ئاشتی لە شاری سلێمانی، ئاگر لە باڵەخانەیەکی بازرگانی کەوتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
 
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە روویدا. دیار محەممەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، بەهۆی رووداوەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کارمەندێکی بەرگریی شارستانیش بە دووکەڵ تووشی هەناسەتەنگی بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
 
رووداوەکەوە بەهۆی تەقینی تەنکییەکی گازوایل بووە، ئەویش لە کاتێکدا وەستایەک کاری لەحیمی تێدا کردووە کە تەنکییەکە سووتەمەنیی تێدا بووە.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە گوتی، حەسەن سوڵتان فەرهادی ئەو کەسەیە گیانی لەدەستداوە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
 
دوای نزیکەی کاژێرێک ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا و لێکۆڵینەوە بۆ زانینی زیانە مادییەکانی دەستپێکردووە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری ئەم ساڵی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دیاری نەکراون؛ بەڵام لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، 407 ئاگر لە سنوورەکە کەوتوونەتەوە و بەهۆیانەوە جگە لە زیانە مادییەکان، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها بەرگریی شارستانیی دهۆک رایگەیاندووە، لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا 791 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکە تۆمار کراون و بەهۆیانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.