ئەفسەرێکی پۆلیسی زاخۆ کۆتایی بە ژیانی هێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەفسەرێکی پۆلیسی زاخۆ بە پلەی رائید کە هاوکات بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نێو زاخۆیە، گیانی لەدەستدا. بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ئەو ئەفسەرە خۆی کوشتووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیران کاژێر 04:00ی بەیانی ئەفسەرێکی پۆلیسی زاخۆ بە پلەی رائید بەناوی فەرهاد ساڵح رەشید، کە هاوکات بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی نێو زاخۆیە، گیانی لەدەستدا.
 
پۆلیسی زاخۆ رایگەیاندووە، بەهۆی "رووداوێکی ناخهەژێن" گیانی لەدەستداوە و ئاماژەی بە هۆکاری گیانلەدەستدانی نەکردووە.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ئەو ئەفسەرە لەناو ماڵی خۆی گولـلەیەکی لە سەری خۆی داوە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
فەرهاد ساڵح رەشید خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، کە دوو کچ و کوڕێکن.