قایمقامی چەمچەماڵ: 12 رۆژە 200 هەزار کەس بێ ئاوە و مەترسیی قەیرانی مرۆیی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، 12 رۆژە خەڵکی سنوورەکە ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەرنەدراوەتەوە و هۆشداریی دروستبوونی "قەیرانی مرۆیی" دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-06-2024 رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش کە دانیشتووانەکەی دەگاتە 200 هەزار کەس، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە نەدراوە و ئاو نییە، ئەوەش مەترسیی قەیرانی مرۆیی دروستکردووە."
چەند ساڵێکە و چەند جارێک بڕیار دراوە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دروستبکرێت، بەڵام وەکو قایمقامی قەزاکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ جێبەجێ نەکراوە و جێبەجێکردنیشی کێشەی ئاوی سنوورەکە چارەسەر دەکات.
رەمک رەمەزان گوتی، "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 12ی نیسانی 2022 فەرمانی دەرکرد بە خەرجکردنی 70 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، بۆ ئەوەش سەردانی وەزیرانی دارایی، شارەوانی و پلاندانانم کرد و هەمووی دەڵێت، بەسەرچاو و نووسراو بۆ یەکدی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ جێبەجێ نەکراوە."
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، "پڕۆژەکە قۆناخەکانی بڕیوە؛ هەندێک جاریش دەڵێن: ئەم سیستمە ناگونجێت و سیستمێکی نوێ دادەنێین. تیمێک لە وەزارەتی شارەوانی هات و تاوەکو گۆپتەپە رووپێویمان کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵام هیچ جێبەجێ نەکرا."
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە بۆ ئاوی پێویست لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە، ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ قەزای بازیانیشدا 30 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێ دەدرێت. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "پارە بۆ پارک و رێگەکان خەرج دەکرێت، بەڵام گرنگترین پڕۆژە ئاوی خواردنەوەیە بۆ خەڵک. ئەگەر کەموکورتی لە مندا هەیە با حکومەت لێپرسینەوەی یاساییم لەگەڵدا بکات و لە منیش نییە با بەدەم داواکەمەوە بێن."
هەر لەبارەی نەبوونی ئاوەوە لە سنوورەکەی، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بانگەوازێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی شارەوانی، پلاندانان و دارایی و پارێزگای سلێمانی کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاتر لە 7000 خێزانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تاوەکو کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتر دەبێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ساڵی 2017وە تاوەکو 10-06-2024 نزیکەی 100 نووسراو و برووسکەیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، بەڵام کێشەکانیان وەکو خۆی ماوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی و وەزیفیی خۆمی دەزانم، ئاگادارتان بکەمەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی بەهۆی بێ ئاوییەوە لە (چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە)، چونکە پێنەدانی ئاو بۆ ماوەی زیاتر لە 12 رۆژ و مانەوەی ئەو ئاوە لە 45 پلەی گەرمیی ناو تانکییەکاندا بۆ خۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان نەخۆشی، بۆیە تکایە هیمەتێک بکەن و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ جێبەجێ بکەن."