52 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا 52 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کورستان وەرگیراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی بەدوداچوونی رووداو، تاوەکو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 12-6، لەلایەن سایلۆکانی هەرێمی کوردستانەوە 52 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان تاوەکو 45 رۆژ بەردەوام دەبێت و ئێستا لە هەفتەی یەکەمی وەرگرتنەکەدایە".
بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران.
بەگوێرەی دابەشکاری وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.