699 پێشمەرگە خولێکی راهێنانیان تەواوکرد و 'دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە'


رووداو دیجیتاڵ 

دوای 94 رۆژ راهێنانی بەردەوام، ئێستا تەقەکەری باشن و پێکانی ئامانجیان لەلا وەکو ئاوخواردنەوەیە. ئەوەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیبینن، نمایشی خولی دەرچوونی 699 پێشمەرگەی فەرماندەیی بارزانی هێزەکانی هەشتای پێشمەرگەن.
 
ئەوان سەختی و زەحمەتیی زۆریان کێشاوە، راهاتوون بەرگەی هەموو ئەرکە سەربازییەکان بگرن. ئیدی بوون بە پێشمەرگەی راهێندراو. بەدرخان شیمال، یەکێک لە پێشمەرگەکانە و دەڵێت: "فێری تەواوی تەکنیکەکانی سەربازی بووین، تەواو ژیانە مەدەنییەکەم دانا و ئێستا خاوەن هێز و بازووی و باشین و لە کاری خۆشمان فێربووین." 
 
محەممەد نیهاد، پێشمەرگەیەکی دیکەیە و دەڵێت، فێری سەبرگرتن و ئارامی بووین، دەتوانین بەرگەی زۆر شت بگرین و باش تەقە بکەین و ئامانج بپێکین.
 
لە بنکەی مەشقی پیادەی هەولێر لە بێستانە، ئەو پێشمەرگانە نمایشیان کرد. دوای تەواوکردنی خولەکەیان، گریانی خۆشی و سوجدە و ماچکردنی خاک، بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرت. جێگر مەحموودی تەمەن 24 ساڵیش توانی یەکەمی سەر ئاستی خولەکە بێت و گوتی، هەر لە ماڵەوە بەو ئامانجە هاتووە کە یەکەم بێت. 
 
ئامانجی مەشق و راهێنانەکانی هێزەکانی هەشتا، رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لە چوارچێوەی فرقەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
 
نەجات عەلی، فەرماندەی هێزەکانی 80ـی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو پێشمەرگانەی لە فەرماندەیی هێزەکانی 80 دەچنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، راهێنانی تەواویان پێدەکرێت و لە تەواوی ئەرکە سەربازییەکان شارەزا دەبن، ئەو مەشق و راهێنانەش بۆ ئەوەیە کە بەهاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان کوردستان هێزێکی نیزامی هەبێت."
 
پێشمەرگەکان هیی ناوچەی شاخاوین و ئەرکە سەربازییەکانیشیان بەپێی شوێنی جوگرافی خۆیان و لە چوارچێوەی فەرماندەیی بارزان دەبێت.