یەکگرتووی ئیسلامی: دەنگدانی تایبەت دەرگەیەکە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان
رووداو هەولێر
لەم هەفتەیەدا لیژنەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆدەبنەوە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت: "داوادەکەین دەنگدانی تایبەت نەمێنێت، لەبەر ئەوەی دەروازەیەکە بۆ ساختەکاری".
رۆژی یەکشەممە، 12-6-2022، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات و، رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ ئامادەکاری و کۆکردنەوەی رای لایەنە سیاسییەکانە لەسەر بابەتەکانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و هیچ بڕیارێکی کۆتایی تێدا نادرێت، بەڵکو بڕیاری کۆتایی دەگەڕێتەوە لای سەرکردایەتیی سیاسییی حیزبەکان".
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە پڕۆژەیەکیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن واژۆ کردووە و وەک هێمن ئەسکەندەر ئاماژەی پێدەدات: "خۆمان پرۆژەی تایبەتمان هەبوو بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو پرسە رەهەندی نیشتمانی هەیە، پڕۆژەکەی خۆمان پێشکێش نەکرد و لەگەڵ پڕۆژەی یەکێتی تێکهەڵکێشمان کرد و زۆربەی حیزبەکان واژۆیان کرد".
بەگوتەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: "ئەو پرۆژەیە تەنیا پێشنیازێکە و واژۆکردنی فراکسیۆنی یەکگرتووش بەو واتایە نییە هەموو بڕگەکانی ئەو پڕۆژەیەی بەدڵە، ئێستاش تێبینیمان لەسەر بەشێک لە ناوەڕۆکەکەی هەیە و چاوەڕێی ئەوەین سازانی کۆتایی لەسەر بکرێت".
هێمن ئەسکەندەر دەڵێت: "یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێداگریی لەسەر تێبینییەکانی خۆی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکاتەوە، لەبەرئەوەی پێمانوایە تێبینییەکانمان بنچینەیین و لە ئەنجامی ئەوە دروستبوون کە لە خولەکانی پێشوو هەستمان بە کەموکوڕی کردووە".
لەبارەی تێبینییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر یاسای هەڵبژاردن، هێمن ئەسکەندەر گوتی: "لەسەر بابەتی یەک بازنەیی و تۆماری دەنگدەران و تۆماری کۆتاکان و دەنگدانی تایبەت و ئەو رێکارانەی لە رۆژی دەنگدان دەگیرێتەبەر، تێبینیمان هەیە، داوای ئێمە ئەوەیە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و هەمووان لە رۆژێکدا دەنگبدەن".
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو هەر لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە گوتی: "دەنگدانی تایبەت بۆ دۆخی ساڵانی 2005 بوو کە دۆخی ئەمنی عێراق بەگشتی ئاڵۆزبوو، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەکرێ بە هێزێکی ئەمنی مەعقول و دیاریکراو پارێزگاری لە بنکەکانی دەنگدان بکرێت و هەر لەو رۆژەش هێزەکان دەنگبدەن".
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە: "یەک لە دەرگەکانی ساختەکاری ئەو دوو رۆژ دەنگدانەیە و هێزی تایبەت 100٪ لە تۆماری دەنگدان دەرناهێنرێت و لە رۆژی دەنگدانی گشتیش جارێکی دیکە دەنگدەدەن".