بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لەبارەی کەمبوونی ئاوی رووباری فورات دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی کەمبوونی ئاوی رووباری فورات کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و تورکیا بە گلدانەوەی ئاوەکە تۆمەتبار دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا هیند عەلی، ئەندامی سەرۆکایەتیی هاوبەشی ئەنجوومەنی جێبەجێکار لە ئەنجوومەنی سڤیلی تەبقە دەڵێت، کەمبوونی ئاوی رووباری فورات لە سووریا، یەکێکە لە نیازەکانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە."
ئەو بەرپرسە داوا لە هەریەک لە عێراق و سووریا دەکات گوشار بخەنە سەر تورکیا بۆئەوەی ئاوی رووباری فورات بەگوێرەی رێککەوتنی ساڵی 1987 بەربداتەوە.
بە گوتەی هیند عەلی، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە تورکیا ئاوی رووباری فوراتی کەمکردووەتەوە، کە گەیشتە 200 مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا، لەک اتێکدا رێککەوتن کراوە لە هەر چرکەیەکدا 500 مەتر سێجا بەربداتەوە.
ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستیکردووە بە بەکارهێنانی ئاوی بەنداوەکان، کە تەنیا بەشی پێویستییە سەرەکییەکانی وەکو خواردنەوە و ئاودان دەکات. پێشتر چەندینجار بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تورکیای تۆمەتبار کردووە بە گلدانەوەی ئاوی رووباری فورات، بەڵام ئەمجارە دەبەسترێتەوە بە هەڕەشەکانی ئەنقەرە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان.
ئاوی رووباری فورات لە سووریا سەرچاوەیەکی گرنگی کشتوکاڵ و پڕکردنی بەنداوەکان و بەرهەمهێنانی کارەبایە، لە هەمووشیان گرنگتر سەرچاوەی سەرەکیی ژیانە بۆ ملیۆنان کەس لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان.