بەهۆی 'ژەهراویکردنی' پرۆژەیەکی بەخێوکردنی ماسی 25 هەزار ماسی مردار دەبن
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری پارێزگای هەولێر 25 هەزار ماسی مردار دەبنەوە، خاوەنی پرۆژەکە هۆکاری مرداربوونەوەی ماسییەکانی بۆ ژەهراویکردنی حەوزەکانی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "پشکنینمان بۆ ئاوەکە کردووە و ژەهری تێکراوە".
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: لە یەکێک لە پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لە کۆمەڵگەی شاخۆڵانی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە چەند حەوزێکی بەخێوکردنی ماسی لێیە، ژمارەیەکی زۆر لە ماسییەکانی ئەو پرۆژەیە مرداربوونەتەوە.
بە گوتەی خاوەنی پرۆژەکە شەوی رابردوو ماسییەکانی هیچ کێشەیەکیان نەبووە، کە ماوەی هەشت مانگە سەرقاڵی بەخێوکردنی ئەو ماسیانەیە تاوەکو پێبگات و بە بازاڕیان بکات، بەڵام بەیانی لەلایەن پاسەوانی حەوزەکانەوە ئاگادارکراوەتەوە کە ماسییەکانی لە چەند حەوزێک مرداربوونەتەوە.
لەبارەی هۆکاری مرداربوونەوەی ماسییەکانی، نێچیروان سەباح، خاوەنی پرۆژەکە بە رووداوی گوت: "دوێنێ تاوەکو ئێوارە لای حەوزەکان بووم، ماسییەکانم هیچ کێشەیەکی نەبوو، ئالیکیان دەخوارد و ئۆکسجینیان بۆ پێکرابوو، کاژێر 7ی بەیانی پاسەوانەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی وەرە ماسییەکانت سەرئاو کەوتوون، کە هاتم بینیم ماسییەکانم هەمووی مرداربوون، 6 حەوزم هەیە، ماسی 3 حەوزم بە تەواوەتی مرداربوونەتەوە کە زیاتر لە 25 هەزار ماسی دەبێت، لە کاتێکدا یەک سەرچاوەی ئاویان هەیە، یەک جۆر ئالیکیان پێدەدرێت و یەک کەسیش چاودێریان دەکات".
بە بڕوای نێچیروان سەباح ئەگەر ماسییەکانی تووشی نەخۆشی بوونایە، "ئەوا بە یەک شەو 25 هەزار ماسی نەدەمردن، بەڵام کە ئاوەکەمان بۆ پشکنین برد دەرکەوت کە ژەهراوی کراوە، ناشزانم کێ ئەمەی کردووە، چونکە کێشەم لەگەڵ کەس نییە، ماسییەکانیشمان بردووەتە لای دکتۆری ڤێتەرنەری دەڵێ ماسییەکەت هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام ئاوەکەت ژەهراوی کراوە، بۆیەش بەو خێراییە ماسییەکانی کوشتووە".
لەبارەی زیانەکانیش خاوەنی پرۆژەکە دەڵێ: "نزیەکی 100 ملیۆن دینارم خەرجکردووە، ماسییەکانیشم 20-30 رۆژی دیکە ئامادە دەبوون بۆ فرۆشتن، بەو بازەڕەو نرخی ئێستای ماسی زیاتر لە 150 ملیۆن دیناری دەکرد، بەڵام نەگەیشتە کاتی خۆی".