لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان: کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەرکرا
رووداو - هەولێر
سهرۆكی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر کراوە، کە دەگوترا بەهۆی ئەوەی نیسک لەنێو گەنمەکەیاندایە وەرناگیرێت.
جوان یونس رۆژبهیانی، سهرۆكی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند "پەیوەندیمان بە جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکانەوە کردووە، جووتیاران پێشتر ئەو گەنمەیان لێ وەرنەدەگیرا بەهۆی ئەوەی دانەوێڵەیەکی شێوەی نیسکی تێدابووە، کە پێی دەگوترێت پاقلەمارانە و گەنمەکە هاوردەیە".
بە گوتەی سهرۆكی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لیژنەکە سەردانی زەویی جووتیارانی کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە سرووشتی زەوییەکانیان وایە کە ئەو جۆرە رووەکەی تێدا دەڕوێت، کە لە شێوەی نیسکە و لەکاتی دروێنەدا تێکەڵ بە گەنمەکە دەبێت، بۆیە بڕیاردراوە گەنمەکانیان لێ وەربگیرێت.
پێشتر سایلۆی مەخموور بە بیانووی هەبوونی گژوگیا لەناو گەنمەکەیان، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی ژمارەیەک جووتیاری رەتکردەوە. جوان یونس رۆژبهیانی دەڵێ، ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان پاکە بە نرخی دیاریکراو لێیان وەردەگیرێت، بەڵام ئەوانەی گەنمەکانیان پاک نییە و پێویستی بە خاوێنکردنەوەیە، جووتیاران بە نرخێکی کەمتر گەنمەکەیان لێ وەردەگیرێت.
سەلمان هاشم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، رێژەیەکی زۆری گەنمی جووتیاران لەلایەن سایلۆی مەخموورەوە رەتکراوەتەوە، بیانوویان ئەوەیە "پاقلەمارانە" کە گیایەکی خۆڕسکە و لە شێوەی نیسکە، لەناو گەنمەکەدا هەیە.
ساڵی رابردووش لە مەخموور ئەو کێشەیە هەبووە و سایلۆ بەشێکی گەنمی جووتیارانی وەرنەگرت، بەڵام دوای بەدواداچوونی لیژنەیەک، گەنمەکە وەرگیرا.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور دەڵێ، ئەمساڵ ئەم کێشەیە لە سەرەتاوە سەریهەڵداوە، تائێستا 186 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە گەنمیان پێبووە و چوونەتە سایلۆی مەخموور، باری 70 ئۆتۆمبێلیان رەتکراوەتەوە.
سەلمان هاشم، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی سایلۆ ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەو گەنمەی پاقلەمارانەی تێدایە هاوردەبێت، "بەڵام ئەو گەنمەی مەخموور بەرهەمی جووتیارەکان خۆیانە، جووتیارەکان بنەتۆویان لە حکومەت وەرگرتووە، ئێستا هەر خۆیان بەرهەمی ئەو بنەتۆوە رەتدەکەنەوە".
بەگوێرەی خەمڵاندنی کشتوکاڵی مەخموور، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە مەخموور زیاتر لە 260 هەزار تۆن بێت.