نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان: رێگری لە دروێنە بەردەوامە و عەرەبی هاوردەش نەڕۆشتوون
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە دوێنێ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان قسەی کردووە و لە ئەمڕۆوە جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەتوانن دروێنە بکەن، بەڵام نوێنەری جووتیاران دەڵێت، رێگری بەردەوامە.
لە 26ی مانگی رابردووەوە بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق، رێگە نادرێت جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایار، محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخی ئاڵۆزی ئەمنیی سنوورەکەمان وەکو خۆی بەردەوامە."
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیونەکان لە بەغدا گفتوگۆی کردووە و کێشەی رێگری لە دروێنەی گەنمی جووتیارانیان چارەسەر کردووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، چوارشەممەی رابردوو فەرمان بە ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کراوە رێگری لە دروێنەی گەنم هەڵگرن، بەڵام "بە هەر هۆکارێک بێت ئەو نووسراوە نەگەیشتبووە کەرکووک" بۆیە فەرمانەکە دواکەوتووە.
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، دوێنێ "جارێکی دیکە لە رێگەی بەغداوە نووسراوەکەمان گەیاندە کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک نووسراوەکەیان وەرگرت. لە ئەمڕۆوە دەست بە هەڵگرتنی خێوەتەکان دەکەن و جووتیارەکان دەتوانن دەست بە دورێنەوەی بەرهەمەکانیان بکەن".
بەڵام محەممەد ئەمین دەڵێت، تاوەکو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممەش ئەو هێزەی قەدەخەی دروێنەی گوندەکانیان کردووە دەڵێن، فەرمانەکەیان پێنەگەیشتووە و بەردەوامن لە قەدەخەکە. گوتیشی، "عەرەبە هاوردەکانیش هەر لێرەن و خێوەتیان هەڵداوە."
ئەو هێزەی رێگرییەکە دەکات، هێزی چوارە لە یەکەی هەشتی سوپای عێراق و بە جووتیارانی کوردیان گوتووە، ئەوان تەنیا فەرمان جێبەجێ دەکەن و بە فەرمانیش دەکشێنەوە.
ئەو گوندانەی دروێنەی گەنمیان تێدا قەدەخە کراوە بریتین لە: پەلکانە، شەناغە، گابەرەکە، سەربەشاخ و خەرابە. محەممەد ئەمین گوتی، لە زەویی ئەو گوندانەدا نزیکەی 50 هەزار دۆنمی بە دانەوێڵە چێندراوە.
ئەوانەی خێوەتیان دژی جووتیارانی کورد هەڵداوە، بەشێکیان داوای زەوی دەکەن، بەشێکیشیان داوای خانوو و دەکەن و هەندێکیش داوای قەرەبووی مادەی 140 دەکەن، هەمووشیان عەرەبی هاوردەن.
گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارەدێی سەرگەڕانە. لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبی هاوردە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زەویی جووتیارانی کورد دەدەن، کوردیش بەردەوام رێگریی کردووە.
سنووری ناحیەی سەرگەڕان زۆرینەی گوندەکانی کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جار رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە.