بە پێوەرى ژمارەى دانیشتووان، دوو کورسیی پەرلەمانى کوردستان دەگۆڕدرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

تانەى سەر دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان، کورسییەکى هەڵەبجە و دهۆک کەمدەکاتەوە و دەیانخاتە سەر سلێمانى و هەولێر. کۆمیسیۆن دەڵێت: چاوەڕێى بڕیارى دادگەى فیدراڵین تاوەکو گۆڕانکاریى رێکارەکانیان بزانن بۆ هەڵبژاردن کە "90٪ى تەواو کراون."
 
سکاڵاى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دژ بە دوو رێنمایی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، ئەگەر بە نا دەستوورى بناسێندرێت، گۆڕانکارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکات.
 
ئەو دوو رێنماییە پەیوەندارن بە رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ دیاریکردنى ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان بە 100 کورسی و دابەشکردنى بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا.
   
وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند: ئەگەر دادگە سکاڵاکە وەربگرێت، تەنیا گۆڕانکارى لە دابەشکاریى کورسییەکان روودەدات.
 
بە بڕیارى دادگە، 11 کورسی پەرلەمانى کوردستان کەمکرایەوە کە کۆتای کریستیان و تورکمان بوون. وەعدى مزوورى دەڵێت: "گۆڕانکارى ئەو پرسە پەیوەستە بە بڕیارى دادگەوە کە ئایا 11 کورسییەکە دەگەڕێنێتەوە یان لە نێو 100 کورسییەکە ئەو کۆتایانە دیاری دەکات".
   
یەکێک لە رێکارە تانە لێدراوەکان، دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانە لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. گوایە کۆمیسیۆن لەسەر بنەماى دەنگدەرانى ئەو پارێزگایانە دابەشى کردوون، نەک لەسەر بنەماى ژمارەى دانیشتووان کە هەر کورسییەک بەرامبەر بە 100 هەزار کەس بێت.
 
کۆمیسیۆن بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاریکردووە، ئەگەر سکاڵاکە قبووڵکرا و بەگوێرەى ژمارەى دانیشتووان بێت، چاو بەو دابەشکارییەدا دەخشێندرێتەوە.
 
بۆ ژمارەى دانیشتووان کۆمیسیۆن پشت بەو داتايانایە دەبەستێت کە وەزارەتى پلاندانانى عێراق ساڵانە ئامادەى دەکات.
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بۆ ساڵى 2023، کە دەست رووداو کەوتووە، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان شەش ملیۆن 3554 کەسە، سلێمانى دوو ملیۆن و 320 هەزار و 434 کەس، هەولێر دوو ملیۆن و 97 هەزار و 205 کەس، دهۆک یەک ملیۆن و 461 هەزار و 457 کەس و هەڵەبجە 124 هەزار و 458 کەس.
 
بە دابەشکردنى هەر کورسییەک بەسەر 100 هەزار کەسدا، کورسیەکى هەڵەبجە کەم دەکات و دەبێتە دوو، سلێمانى دەبێتە 39 کورسیی زیاتر لەوەى ئێستا بۆى داندراوە کە 38 کورسییە، هەولێر کورسییەک زیاد دەکات و دەبێتە 35 کورسی، دهۆک کورسییەک کەم دەکات و دەبێتە 24 کورسى.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە لە کۆمیسیۆنەوە دەست رووداو کەوتووە، تاوەکو مانگى ئادارى ئەم ساڵ، سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافى دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ئەوانەى کارتى بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن، دوو ملیۆن و هەزار و 552 کەسن، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کارتەکەى نییە و ناتوانێت دەنگ بدات.
 
سلێمانى نزیکەى یەک ملیۆن و 430 هەزار دەنگدەرى خاوەنى کارتى بایۆمەتری هەیە، هەڵەبجە نزیکەى 62 هەزار دەنگدەر، هەولێر یەک ملیۆن و 300 هەزار و دهۆک 926 هەزار دەنگدەریان هەیە.
 
بە دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان بەسەر ژمارەى دەنگدەر لە پارێزگاکان، ئەو ژمارەیە دەردەچێت کە ئێستا کۆمیسیۆن بۆى دیاریکردوون.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر بنەماى سکاڵاکە، لە 7ى ئایاردا فەرمانێکى سالارى بۆ راگرتنى رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن دەرکردم تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە یەکلا دەبێتەوە، کۆمیسیۆنیش بڕیارەکەى جێبەجێکرد.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند: کۆمیسیۆن 90٪ى کارەکانى کردووە، ئێستا خەرجکردنى پارە راگیراوە بۆ مەشقپێکردن، گرێبەستەکان، ئامادەکردنى پرۆگرامەکان و چاپکردنى کاخەزى دەنگدان،کارى ئەو کۆمپانیایەش راگیراوە کە پشکنین بۆ ئامێرەکانى دەنگدان دەکات.
 
نزیکەى 70 ملیار دینار لەلایەن حکومەتى عێراقەوە تەرخانکراوە بۆ کۆمیسیۆن تاوەکو هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات. 25٪ى بۆ مووچەى کارمەندانى سەر سندووقى دەنگدانە.
 
لە رێوشوێنانەى کە ماون، تیروپشکى دیاریکردنى کارمەندانى سەر سندووقى دەنگدان، چاپکردنى کاخەزى دەنگدان، گەیشتنى پێداویستییە لۆجستییەکانى تایبەت بە پرۆسەى دەنگدانە.
 
عیماد جەمیل گوتى: "ئەگەر سکاڵاکە لە ماوەى 15 رۆژدا یەکلا بکرێتەوە، ئەوە کاتەى کۆمیسیۆن پێویستى پێیەتى دەگۆڕێت، لەبەرئەوەى نازانین ئەو رێوشوێنە چى دەبێت کە دەگیرێنەبەر،دەبێت بزانین ئەو بڕیارانە چى دەبن کە دادگە دەیاندات".
 
9ى ئایار، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژە یاسایەک کرد. تەمەنى کۆمیسیۆن تاوەکو شەش مانگى دیکە درێژدەکاتەوەکە 7ى تەممووز کۆتایی دێت. ئەگەر پەسند بکرێت بەربەستى بەردەم کۆمیسیۆنەکە لادەبات لەوەى کە نەتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوەببات ئەگەر دوابخرێت.