دوو خوێندکاری زانکۆی زاخۆ دەڵێن 'بەهۆی پەچەوە رێگە نەدرا تاقیکردنەوە بکەین' و زانکۆکە رەتی دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو خوێندکاری زانکۆی زاخۆ دەڵێن، بەهۆی ئەوەی "نیقابیان کردووە،" رێگەیان پێنەدراوە تاقیکردنەوە بکەن. لیژنەی ئەزموونەکانی زانکۆکەش دەڵێن، ئەو چەند کچە رێگەیان نەداوە مامۆستای کچیش بیانپشکنن، ئەگەرنا کچی دیکە هەبووە پەچەشی هەبووە و تاقیکردنەوەی کردووە.
دوو کچ لەوانەی نیقابیان کردووە لە بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشکی دەکات، قسەیان بۆ غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ کردووە و دەڵێن، رێگەیان نەدراوە ئەمڕۆ کە یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە بوو، بچنە هۆڵی تاقیکردنەوە.
کێشەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئایار روویداوە. یەکێک لە کچەکان قۆناخی سێی کۆلێژی شەریعەیە لە زانکۆکە و بە رووداوی گوت، پێش دوو رۆژ نوێنەرەکەیان پەیامی بۆ ناردوون کە بەگوێرەی رێنوێنییەکانی لیژنەی ئەزموونەکان بۆ تاقیکردنەوەکان، نابێت خوێندکاران دەموچاویان داپۆشراو بێت.
ئەو خوێندکارە گوتی، "ناڕەزاییمان دەربڕی، بەڵام کەس هیچی بۆ نەکردین. ئەمڕۆ ئێمەش بە نیقابەوە هاتین، لیژنەی ئەزموونەکان هاتن و گوتیان، نابێت بەوشێوەیە بن، هۆڵێکتان بۆ جیادەکەینەوە با مامۆستایەکی کچ بتانبینێت، گوتمان باشە؛ دوو خولەکی پێنەچوو گوتیان، نابێت بەو نیقابەوە تاقیکردنەوە بکەن."
لە زانکۆی زاخۆ نیقاب قەدەخە کرا؟ ئەم کچە لە بەشی شەریعەیە و بەهۆی نیقابەکەی رێگەی نەدراوە تاقیکردنەوە بکات: پێش دوو رۆژ نوێنەرمان نامەی نارد و گوتی نابێت بە نیقابەوە بێنە تاقیکردنەوە.