کۆمیسیۆن: ئەوانەی کارتی دەنگدانیان بزرکردووە بە پسووڵەی ونبوون دەتوانن دەنگ بدەن
رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەوانەی کارتی دەنگدانیان بزرکردووە بە پسووڵەی ونبوون دەتوانن دەنگ بدەن".
یوسف سەلمان، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو ئێوە ئاگادارن، هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن نییە لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی هەندێک کەموکوڕیی تێدا نەبێت، لە پارێزگای دهۆک بەسەرجەم قەزاکانییەوە لەگەڵ دەستپێکی کارەکان کێشەی تەکنیکی لە 76 وێستگە هەبوو، تیمە گەڕۆکەکانی ئێمە لە بەشی چاککردنەوە گەیشتوونەتە ئەو شوێنانە و لە ماوەی 2 کاژێردا توانیویانە کێشەی 21 وێستگە چارەسەر بکەن، بۆ ئەوانی دیکەش قسەمان لەگەڵ بەغدا کردووە و هاوئاهەنگیمان کردووە، بۆ ئەوەی ئامێری سەر ئەو سندووقانە لابدەین و قاپاخی ئاسایی لەسەر دابنێین، یان بە کارتی ئەلیکترۆنی بەڕێوەنەبردێت تاوەکو پرۆسەکە کۆتایی پێدێت، پاشان ئامێرێکی دیکەمان هەیە لەسەر ئاستی بنکە کە پێی دەگوترێت ئامێری سیکۆس لە رێگەی ئەو ئامێرەوە ئەرکی ئەژمارکردنی دەنگەکانی ئەو 45 وێستگەیەی دەمێنێت بەو ئامێرە ئەژمار دەکرێت".
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "لە سەرتاسەری دهۆک تەنها یەک وێستگەمان هەیە کە تاوەکو ئێستا کێشەکەی چارەسەر نەکراوە، ئەو ئامێرەی وردبینی پێدەکرێت تێکچووە، ئەو ئامێرانەی وەکو یەدەگیش لەبەردەستمان بووە هەموومان دابەشکردووە، بڕیارە ژمارەیەکمان لە هەولێرەوە بۆ بێت لەگەڵ گەیشتنی ئەویش چارەسەری دەکەین، بە گشتی لە سەرتاسەری دهۆک هیچ گرفتێکمان نەماوە هەموو وێستگە و بنکەکان کراوەن بەڕووی دەنگدەراندا".
سەبارەت بەوانەش کە مامەڵەی ونبوونیان لە دادگا کردووە، یوسف سەلمان گوتی: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە ئەو کەسانەی پسووڵەی ونبوونیان هەیە دەتوان دەنگ بدەن".