عەلی عەللاق بۆ نوێنەرانی كورد: گرەنتی دەدەین ئەوەی روویدا دووبارەنابێتەوە

رووداو - سلێمانی

عەلی عەللاق، پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا لە سلێمانی پەیامێكی ئاراستەی نوێنەرانی كورد كرد و رایگەیاند "گرەنتی دەدەین ئەوەی روویدا دووبارەنابێتەوە".

رۆژی پێنجشەممە 13-5-2016 شاندێکی حکومەتی عێراق و حیزبی دەعوە لە سلێمانی سەردانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتیان کرد، دواتر چوونە لای رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. ئامانجی شاندەکە رازییکردنی کوردبوو بۆ گەڕانەوەیان بۆ بەغدا.

دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پارلەمانی عێراق کۆبوونەوە ئاڵا تالەبانی رایگەیاند، بە شاندەکەی گووتوە لە گەڕانەوەدا بۆ بەغدا دەبێ گەرەنتیان بدرێتێ رووداوەکانی پەرلەمان دووبارە نەبنەوە.

شاندەكە لەلایەن حەیدەر عەبادییە پێكهێنراوە و پێكهاتبوون لە هەریەك لە عەلی عەللاق و عامر خوزاعی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا و سەید سادق موسەوی، سکرتێری عەبادی.

عەلی عەللاق گوتی "ئێمە داوا لە براكانمان لە هەرێمی كوردستان دەكەین كە بگەڕێنەوە بۆ نێو پەرلەمان و بتوانین لەڕێگەی گفتوگۆوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین، ئێمە دەتوانین ئەو گرەنتییە بدەین بە براكانمان ئەوەی روویدا دووبارە نابێتەوە".

فراكسیۆنە كوردییەكان چاویان لە كۆببونەوەی سەركرایەتی سیاسییە كورد تاوەكو گرێی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەیان بۆ بەغدا بكەنەوە. هاتنی ئەو شاند و نوێنەرانەش دڵخۆشیان ناكات بەقەد ئەوەی گەرەنتییەك لەعێراقییەكان وەربگرن كە ئەوەی پێشتر لەنێو پەرلەمانی عێراق روویدا، دووبارە نابێتەوە.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "ئێمە داوامان لەم شاندە و شاندەكانی دیكە كردووە كە گرەنتیمان بدەنێ‌ ئەوەی روویدا دووبارە نەبێتەوە. چاوەروانی بریاری مەكتەب سیاسیەكانمانین بۆ ئەوە لەگەڵ سەركردە ساسییەكان كۆببنەوە كە دڵنیاین كەسیان پێیان ناخۆش نییە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، هەروەك چۆن ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  نێچیرڤان بارزانی گوتی تاوەكو ئێستا ئێمە بەشێكین لە عێراق، بۆیە پێوستە فراكسیۆنە كوردییەكان لە عێراق رۆڵی خۆیان هەبێت و تاوەكو ئەو كاتە بەشێكین لە عێراق".

دواكەوتنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، رێگەی لەزۆربەی هەنگاوەكانی گۆڕانكاریی گرتووە، لەلایەن چاكسازییەكانی عەبادی و حكومەتە تەكنۆكراتەكەی پەكیكەوتووە، لەلایەكی دیكەش بانگەشەی سەركردە عێراقییەكان بۆ دابینكردنی ژیانی خۆشگوزەران بۆ هاونیشتمانیان وەستاوە، لەو لاشەوە خەریكە ئاگری ناكۆكی نیۆ ماڵی شیعە، كوردیش دەكاتە قوربانی ئەو دۆخە.