وەزارەتی پێشمەرگە: لە قەرەتەپە چەند مۆڵگەیەکی داعش خاپوور کران

وێنەیەک لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەی پێشمەرگە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، فیرقەی چواری پیادە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لە میحوەری قەرەتەپە ئەنجامداوە و "چەند مۆڵگەیەکی داعش خاپوور کران."

رۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، کاژێر 05:00ـی بەیانی بە سەرپەرشتیی لیوا مەردان چاوشین، لێپرسراوی میحوەری قەرەتەپە، لیوا روکن زاتیار حەسەن، فەرماندەی فیرقەی چواری پیادە و لەژێر چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانان، فیرقەی چواری پیادە لە سنووری چالاکیی خۆی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی کرد.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، کە لیواکانی 9، 22، 32ـی پیادە و هێزەکانی کۆماندۆ و بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی ناوچەکە بەشداربوون، ناوچەکانی بەنداوی باوەشاسوار، گوندەکانی بەلکەی ژووروو، بەلکەی خواروو و سنووری گوندی قۆری چای، کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و پاشماوەی تیرۆریستانی لێ دەکرا، کێوماڵ کران."
 
وەکو وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 10:30ـی بەیانی کۆتاییهات، "چەند مۆڵگە و پاشماوەی تیرۆریستان خاپوور کران."