حکومەت لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن"، هەروەها دەڵێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکدەهێنێت.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی کرد، کە هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو بەبێ بەشداریی تیمی یەکێتی بوو. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو "بە گرنگیی پاراستنی هاووڵاتییان و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خۆبەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لە ڕاکێشانی کێشە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ ناو هەرێم".
لە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، هاتووە "سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ رووداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە؛ حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات".
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن و ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت".
تورکیا لە 3-4-2023 سەرجەم گەشتەکانی لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا و بەپێچەوانەوە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرت، دوای ئەوەش لە رۆژی هەینی، 7ـی نیسانی 2023 لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی دووکەڵێک بەرزبووەوە و دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
ئەوکاتە فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە گوتی ''پشتڕاستی دەکەینەوە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەکان، بۆ ئەو رووداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕوویدا".
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 9ـی نیسانی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا باسی لە وردەکارییەکانی هێرشە درۆنییەکە کرد و گوتی "لەدوای ئەوەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری سلێمانی کۆتاییهات، دوای نیوەڕۆ کاتێک دەگەڕاینەوە، ئەو کاروانەی ئێمەی تێدابوو، هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و هێزی دژەتیرۆریشی تێدابوو. ئەوکاتە درۆنی چاودرێریی تورکیا هاتنە شوێنەکە، بەڵام هێرشەکەیان بێ ئەنجام بوو و شکستی هێنا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە، 10-4-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووەتە بەغدا و لەگەڵ موتلو توکا، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کۆبووەتەوە و تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بووە بۆ ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەفڕن و دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکەی جیهان، هەروەها ئەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەکانی جیهانەوە دەچنە فڕۆکەخانەی سلێمانی.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی سێشەممە، 11-4-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چووەتە تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا کۆبووەتەوە و هەر ئەو رۆژەش گەڕاوەتەوە.
هاکان فیدان نیگەرانیی حکومەتی وڵاتەکەی لە "پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پەکەکە دەربڕیوە" و رایگەیاندووە، "ئەگەر بەرپرسانی یەکێتی دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و سلێمانی ئاسایی بێت، دەبێت ئەو پەیوەندییانە کۆتایی پێ بهێنن".