وەزارەتی ناوخۆ: دوای 21ی نیسان هەر چەکێکی بێ مۆڵەت لەدەستی خەڵک بگیرێت بە قاچاخ هەژمار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 21ی نیسانی 2023، دوا وادەی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەتە و بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ، لەدوای ئەو رێککەوتەوە هەر چەکێکی تۆمارنەکراو لەدەستی خەڵک بگیرێت، بە قاچاخ هەژماردەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەو وادەیە درێژناکرێتەوە و لە 22ی نیسانەوە هەر هاووڵاتییەک بە چەکی تۆمارنەکراو بگیرێت، دەدرێتە دادگە.
 
رۆژی چوارشەممە، 12-04-2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "تاوەکو ئێستا خەڵک پێشوازییەکی ئەوتۆیان لە پرۆسەی تۆمارکردنی چەک نەکردووە، لەبەرئەوەی جۆرێک تێنەگەیشتن لە پرۆسەکە لای خەڵک دروستبووە. لە قۆناخی ناو تۆمارکردندا دەست بەسەر چەکی کەسدا ناگیرێت و خەڵک وەها تێگەیشتووە لەکاتی تۆمارکردندا چەکەکانیان لێ وەردەگیرێت".
 
یەکێک لە رێنماییەکانی یاسای نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت تایبەتە بە تۆمارکردنی چەکی ئاگرین و داماڵینی چەکی جەنگی کە بەپێی رێنماییەکە نابێ چەکی جەنگی لای خەڵک بێت و دەبێ بدرێتە دامەزراوەکانی دەوڵەت و لای وەزارەتی پێشمەرگە بێت؛ هاووڵاتی تەنیا مۆڵەتی چەکی ئاگرینی پێ دەدرێت کە ئەوانیش بریتین لە دەمانچە و کڵاشینکۆف.
 
بە گوتەی هێمن میرانی، "ئەگەر کەسێک چەکی قورس رادەستبکات، فۆرمێکی پێدەدرێت و چەکەکە دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە، دواتر ئەنجوومەنی وەزیران خەمڵاندنێک دەکات و ئەو کەسانەی چەکەکانیان رادەستکردوون، قەرەبوو دەکرێنەوە".
 
دوای تەواوبوونی وادەی تۆمارکردنی چەکیش ئەوانەی چەکەکانیان تۆمارکردووە مافی هەڵگرتن و بردنە دەرەوەی چەکیان نییە و دەبێت داوای مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن کە ئێستا دەستیپێکردووە. هێمن میرانی دەڵێت: "دوای پێداچوونەوە بە پێشینەی ئەمنی کەسەکە، پشکنینی تەندروستی و پشکنینی بەڵگەکانی تاوانی بۆ دەکرێت و لە داواکارییەکەشیدا بۆ مۆڵەت وەرگرتن، دەبێت پاساوێکی رەوا پێشکێش بکات کە بۆچی دەیەوێت چەکی هەبێت، دواتر لیژنەکە بڕیار لەسەر پێدانی مۆڵەتەکە دەدات".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێیوایە، "هەبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی یان دوژمندارێتی پاساوێکی رەوا نییە بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک و کەسانێکیش هەن کە داوای مۆڵەتیان بەو پاساوە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێدانی مۆڵەتی چەک بە مانای هەڵگرتن و بەکارهێنانی نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەر کەسێک تاوانی کوشتن بە چەکی رێگەپێدراو و بێمۆڵەت ئەنجام بدات، جیاوازی نییە و هەر تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت".
 
رۆژی 7ـی ئەم مانگە لە قەزای خەبات بەهۆی دەمەقاڵێوە لەنێوان دوو گەنجدا بۆ ماوەی نیو کاژێر تەقە لەنێوان دوو خێزاندا روویدا و هەرێم محەممەدی تەمەن 30 ساڵ پێشمەرگە و باوکی سێ منداڵ کوژرا. دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان چوونە نێو قەزاکە و 8 کەسیان دەستگیرکرد.
 
هێمن میرانی گوتی: "چەند رۆژێکە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ دەست بە پرۆسەی گەڕان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە قەزای خەبات دەستیپێکردووە و دەست بەسەر ژمارەیەک چەکدا گیراوە و هەرکەسێک لەلایەن یاساوە داواکرابێت یان تەقەی کردبێت، گیراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیدەکاتەوە: "قەزای خەبات دامودەزگای ئەمنی لێیە، بەڵام ئەو هەڵمەتەی راگەیێندرا بۆ پێشاندانی هێزی دەوڵەت بوو بەو کەسانەی پێیان وابوو دەتوانن بە ویستی خۆیان تەقە بکەن و هەندێکجار کەسانێک بوێری ئەوەیان پەیدا دەکرد لە سۆشیاڵمیدیا بڵێن چەکیان هەیە و کەس ناتوانێت لێیان بستێنێت کە هەموو ئەوانە دەستگیرکران".